حاجی ئیبراهیم گه‌ردی، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر:لەم هاوینە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبەتی هەولێر له‌گه‌ڵ حاجی ئیبراهیم گه‌ردی، ئه‌ندامی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر باس له‌ ئاستی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر ده‌كات و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر كاروچالاكییه‌كانیان و پێی وایه‌ كه‌ هه‌ولێر له‌م قۆناغه‌ پێویستی هه‌وڵی زیاتری هه‌موولایه‌ك هه‌یه‌ تا له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان به‌یه‌ك ئاست بەرەوپێش بچێت.

  • چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگتان له‌باره‌ی ئه‌و ماددانه‌ كردووه‌ كه‌ هاوردە دەکرێت و شیاوی دووبارە بەکارهێنانەوەن ئه‌م بابه‌ته‌ چۆن بووه‌؟
  • ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر بەشداری کۆبوونەوەیەك بوو لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە بابەتی پڕۆژەی لە پاکەتنان و پێچانەوە کە لە ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی ئەم وەزارەتە کرابوو، مەبەست لە کۆبوونەوەکە کۆکردنەوەی داتای پێویست بوو دەربارەی ئەو ماددانەی کە کاڵاکانیان تیادا هاوردە دەکرێت و شیاوی ریسایکلین و دووبارە بەکار هێنانەوەن ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ زۆر گرنگ بووه، چونكه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام هه‌بێت تا بتوانرێت بڕیاری گرنگ بدرێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولایه‌ك ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ش له‌پێناوی كۆبوونه‌وه‌ نه‌بێت به‌ڵكو ئامار و داتای زانستی بخرێته‌ڕوو بۆیه‌ ئێستا هه‌ولێر به‌هۆی فراوان بوون گه‌شه‌كردنی خێراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌رووی پیشه‌سازییه‌وه‌ زۆر پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و مادانه‌ بكرێت كه‌ ده‌توانرێت دوای ڕیسایكلین دووباره‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌.
  • دوای سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ناوه‌نده‌ ئابووریه‌كان هیچ جوڵه‌یه‌كی ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێكردووه‌؟
  • ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا پێشوازریمان له‌شاندێكی ژووری بارزگانی ئه‌مه‌ریكا كرد فراوانکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیەکان بەتایبەت لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانمان لە پێشەنگی کارەکانمان دەبێت، ئومێد دەکەین ئه‌و وڵاتانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا هاوکار و هەماهەنگمان بن و لە چالاکیەکانیش بەشداربن لەگەڵمان و بتوانین له‌و شوێنانه‌ی كه‌ وه‌به‌رهێنانی پێویسته‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن كوردستان به‌گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌ت شوێنێكی گونجاوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی بیانی به‌تایبه‌ت وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكا چونكه‌ هه‌ولێر شوێنێكی ئارامه‌ و نه‌بووه‌ته‌به‌شێك له‌و یاریه‌ سیاسی و شه‌رانگێزیه‌ی خه‌ریكه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت، مایەی خۆشحاڵی ئێمە بوو ئەوەی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردی و ئەو هەنگاوەی سەرۆکوەزیران و ئەو پێشوازیە گەرمەی ژووری بازرگانی ئەمریکا وا دەکات پەیوەندیە ئابووریەکان ببەینە قۆناغێکی بەرزتر، چاوەڕوانین ئەم پەیوەندیە فراوانتر بێت لە ڕێگەی ئەوانەوە ئێستا له‌ ئه‌نجوومه‌نی بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا پلانێكی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه، له‌وێ به سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان گوتووه كه‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی كوردستانن.
  • پێتان باشه‌ وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌چ سێكته‌رێك بکرێت؟
  • زۆر گرنگه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ هەوڵ بدەن زۆرترین کۆمپانیا و وەبەرهێنەر بهێننە هەرێمی کوردستان، چونکە وەبەرهێنان لە گشت سێکتەرەکان هەیە بە تایبەت کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری، هەرێمی کوردستان زۆرترین کاڵا لە دەرەوە هاوردە دەکات، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرهەمهێنانی کاڵایە لە ناوخۆ بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی بۆیە ئێمەش هاوکار و هەماهەنگ دەبین لە دۆزینەوەی هاوبەش و هەمان تایبەتمەندی ناوخۆیی لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمریکیەکان بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئامانجی خۆیان بپێکن. ئه‌وه‌شمان پێ خۆشه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا ئاگادارمان بكاته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م چالاكییه‌ ئابووریه‌كان كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بە شاندی بازرگانی کوردستان بەشداربن و هانی کۆمپانیا ئەمریکیەکانیش بدەن بۆ ئەوەی لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن. و به‌پێی قسه‌ی، دۆری ئەبوزێد سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی بەرنامەیەکن بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا و وەبەرهێنەری ئەمریکی بهێنین بۆ کوردستان بۆ ئەم مەبەستەش لەم هاوینە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
  • لە ڕابردوودا بە بیانو و پاساوی بێ بنەما سەرمایەدارانی هەولێر بە ئامانج گیران لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، بۆچی؟ کاریگەریی لەسەر ڕەوشی وەبەرهێنان هەبووە لە هەولێر؟
  • هه‌ولێر كه‌وتوه‌ته‌وه‌ سه‌رپێی خۆی و چاوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌رە، به‌هه‌زاران كۆمپانیا و خاوه‌ن كار و پیشه‌سازی له‌هه‌ولێر كارده‌كه‌ن، هه‌ولێر شاری ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ بۆیه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئه‌م شاره‌ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌شه‌ی هه‌ولێر خێرایه‌، به ‌ئامانج گرتنی بازرگانان ڕاسته‌ نیگه‌رانمان ده‌كات به‌ڵام ئیراده‌ی كاركردن و پێشكه‌وتنی هه‌ولێر ڕاناوه‌سێنێت.
  • چ ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ به‌نیازه‌ بازرگانی و پیشه‌سازی له‌ هه‌ولێر گه‌شه‌ی پێبدات هه‌نگاوه‌كان له‌و باره‌وه‌ چۆنن؟
  • دیدارمان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی بازرگانی و ژووری بازرگانی ئازه‌ربایجان له‌به‌غدا هه‌بووه‌، ئه‌وان خۆشحاڵن و گه‌شبینن به‌داهاتووی په‌یوه‌ندی نێوانمان به‌تایبه‌ت ئارامی شاری هه‌ولێر، دوای شه‌ری ئۆكراینا و رووسیا بارگرانی بۆ ئازه‌ربایجان دروست بووه‌ له‌لایه‌ك ده‌بێت كه‌میه‌تی خۆراك له‌ناوچه‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌ ده‌بێت ڕێره‌وی بازرگانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ فراوانتر بكات و ئاستی بازرگانی عێراق و ئازه‌ربایجان له‌ ساڵی 2012 نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلار بووه‌ ده‌رفه‌تێكی باش هاتوه‌ته‌‌ ئاراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هه‌نگاوی گرنگ و ستراتیژی له‌بواری بازرگانی بنێین بریاره‌ مانگی داهاتوو ئازه‌ربایجان به‌ نيازه‌ كونسوڵگه‌رى گشتى وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌ولێر و بازرگانه‌كان كارئاسانیان بۆ بكرێت تا له‌ ڕێگای وشكانی و ئاسمانییه‌وه‌ ئاڵوگۆری بازرگانی فراوان بكرێت.
  • هیچ هه‌نگاوێك نراوه‌ بۆ دروستكردنی ژوورێكی هاوبه‌شی بازرگانی و ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا؟
  • خۆشبه‌ختانه‌ ژووری بازرگانی له‌ كوردستان كارایه‌ و كاری خۆی ده‌كات و ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا ساڵانی ڕابردوو سه‌ردانی كوردستانیان كردووه و‌ یاداشتی لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ كوردستان واژۆ كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كارا نه‌كراوه‌، ئومێد هه‌یه‌ له ‌داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كان فراوانتر بكه‌ن و هیوادارین له‌كاتێكی نزیكدا و له‌سه‌ر داواكاریی سەرۆکی حکوومەت، مه‌سرور بارزانی، شاندی بازرگانیی ئەمریكا بێنه‌ كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌ بۆ بازرگانی تاوتوێ بكه‌ین پێیان ڕابگه‌یه‌نین، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ئاستی په‌یوه‌ندی بازرگانیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ناوه‌ندێكی هاوبه‌شی بازرگانی دروست بكرێت تا هه‌وڵ بدرێت كۆمپانیا گه‌وره‌كانیان به‌تایبه‌ت له‌بواری كشتوكاڵ و پیشه‌سازی بهێنرێنه‌ كوردستان، چونكه‌ ئەو یاسایه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌ زیاتر ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنانی جیهان به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و خۆشیان جۆرێك له‌ جوڵه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌شاری هه‌ولێر ده‌ست به‌ ئاماده‌كاری بازرگانی و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، باشترین ده‌رفه‌ته‌ ئێستا بۆ وه‌به‌رهێنەرانی جیهانی، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ كوردستان، له‌ ماوه‌ی ڕابردوو به‌شداریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دار و بازرگانی كوردستانیشی له‌گه‌ڵ بوو دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی گرنگیان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بازرگان و سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌رانی جیهان ئه‌نجام دابوو، دواتر به‌شداری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ لوتكه‌ی حكوومه‌ته‌كان له‌ ئیمارات ئێستا وا هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌رتی تایبه‌ت و شاندی وڵاتان له‌ ئاستی بازرگانان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ سه‌ردانیكردنی كوردستان، ده‌یانه‌وێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری كوردستان به‌شداربن، له‌ماوه‌ی ڕابردوو شاندی گه‌وره‌ی ژاپۆن سه‌ردانی كوردستانی كردووه‌ و شاندی سعودیه‌ و شاندی ئه‌رمینیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌رمینیا له‌ كوردستان بوون و له‌لایه‌ن ژووری بازرگانییه‌وه‌ پیشوازیمان لێكردن، جیا له‌وه‌ش شاندی گه‌وره‌ی بارزگانی توركیاش هاتوونه‌ته‌ كوردستان، هه‌نگاوه‌كان خێران به‌ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م په‌یوه‌ندیه‌كی فراوان دروست بكه‌ین.
  • پێتان وایه‌ ده‌رفه‌تی باش ڕەخسێنراوە بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانی له‌ كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر ؟
  • یاساكانی كوردستان باشترینن بۆ سه‌رمایه‌داری بیانی له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان بوار و ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ كه‌ كاریان تێدا بکرێت، جیا له‌وه‌ش كوردستان جوگرافیایه‌كی داخراوی نییه‌ تا گرفتمان بۆ دروست بێت به‌هێزترین ده‌روازه‌ی بازرگانیمان هه‌یه‌ له‌سنووری زاخۆ ئیبراهیم خه‌لیله‌ و هه‌ولێر ئێستا ترانزلێتی ئابووری ناوچه‌كه‌یه‌ به‌هێزترین بازاڕی دراو له‌شاری هه‌ولێرە به‌هێزترین سه‌رمایه‌گوزاری و فرۆش و جوڵه‌ی خانوبه‌ره‌ له‌هه‌ولێره‌ سه‌رمایه‌دارێكی زۆر ڕوویان له‌ هه‌ولێر كردووه‌، یاساكانمان ڕێگەخۆشكه‌رن‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی، ئێمه‌ له‌ بابه‌تی په‌تاته‌ جیا له‌وه‌ی پێداویستیی ناوخۆیی پر كردووه‌ته‌وه‌، توانیومانه‌ هه‌رناده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشی بكه‌ین، ئێستا كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهان خه‌ریكن داوای ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ بنێرین خواستێكی یه‌كجار زۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان هه‌یه‌، به‌هۆی بەرزی ئاست و كوالێتی و شێوه‌ی به‌رهه‌م هێنانی كاڵاكانمان کە ڕكابه‌ری كاڵاكانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، چه‌ندین براندمان هه‌یه‌ له‌خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراقیش كێبڕكێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆ زیاد بێت، ئه‌م سیاسه‌ته‌ وای كردووه‌ له‌ هه‌ندێك بواری بازرگانی به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو كوردستان كه‌م بکات، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆی خۆمان ئه‌وه‌نده‌ زیاد بكه‌ین هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانی بكه‌ین له‌و قه‌باره‌ی ئێستا هه‌یه‌ بیكه‌ینه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.
    .
  • له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ هیچ ڕێگریه‌ك یان ئاسته‌نگێك بۆتان هاتوه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌؟
  • هیوادارین وانه‌بێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سیاسه‌تی برسیكردنی گه‌لی كوردستان له‌ 2014 تائێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌نه‌ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ی دارایی وای كردووه‌ كه‌ بازرگان و سه‌رمایه‌دارانیش نیگه‌ران بن چونكه‌ دواجار ئه‌مه‌ زنجیره‌ی نێوانی خه‌ڵك و بازرگان و سه‌رمایه‌دارانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگ و ڕێگریانه‌ش كه‌ كراوه‌ له‌دژی كوردستان به‌ڵام ئێمه‌ بە پشتیوانی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌ت كاری خۆمان ده‌كه‌ن و ڕێگا ناده‌ین ئه‌م ڕێكارانه‌ كاریگه‌ریی خراپمان له‌سه‌ر بكات ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ئیراده‌ی گه‌لی کوردستان به‌هێزه‌ و سیاسه‌تی ئێمه‌ش له‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی به‌و ئاراسته‌یه‌ كه‌ پشتیوانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌رئه‌نجام بونه‌ته‌ قوربانی سیاسه‌تی برسیكردن.