پارێزگاری دهۆک: پێش جەژن قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکەینەوە

پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، پێش هاتنی جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکەنەوە. دەشڵێت، “حکوومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی زیانلێکەوتووان نەکردووە”.

ئەمڕۆ شەممە، 23-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو و، پلان و بەرنامەی حکومەت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاوەکە؛ رێکخست.

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، “قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە زۆر گەورەیە. سوپاسی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان دەکەین کە بە هەموو چین و توێژەکانەوە زۆر هاوکاربوون لەگەڵمان. ئێستا کاتی موزایەدە نییە، هەر کەسێک بیەوێت خزمەتی شارەکە بکات، دەزانێت سەردانی کوێ دەکات”.  

وەکو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، “خانووە زیادەڕووەکانی گەڕەکی هشکەڕووی دهۆک و ئەوانەی لەسەر رێڕەوی لافاون، لادەبرێن. هەر زیادەڕوویەکی دیکەش لەو گەڕەکە هەبێت بەبێ دوودڵی لادەبرێت”. گوتیشی، “ئەو خانووانەش کە تاپۆکراون، بەڵام مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە، لادەبرێن و خاوەنەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە”.

 پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ماوەی 48 کاتژمێردا شوقەممان بۆ هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکە کڕین و پارەشمان پێدان بۆ ئەوەی کەلوپەلی ناوماڵەوەی پێ بکڕن. پێش هاتنی جەژنی رەمەزان، هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو دەکرێتەوە”.

بە گوتەی د. عەلی تەتەر، “سبەی یەکشەممە، 24-03-2024، قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوای دهۆک دەکرێتەوە. لەبارەی بەشی رۆژهەڵاتی شارەکەش، قەبارەی زیانەکان زۆرن، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پاککردنەوە، ئەوانیش قەرەبوو دەکرێنەوە و چەند لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەبستە پێکهێندراون”.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، “حکوومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک نەکردووە، تەنانەت پەیوەندیشیان پێوە نەکردووین و هاوخەمیشیان دەرنەبڕیوە”.