117 شوقە بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دابەش کرا

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵماندا بوونە بۆ ئەوەی بە زووترین کات هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەین و هەرچی پێویست بێت بۆیان بکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی مەنسور بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەری حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی 117 شوقە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک تەرخان کران.

بەگوتەی پارێزگاری دهۆک، “ئەم چەند ڕۆژە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵماندا بوونە بۆ ئەوەی بە زووترین کات هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەین و هەرچی پێویست بێت بۆیان  بکەین”.

عەلی تەتەر گوتیشی: “لە بەرنامەماندا بوو کە هیشکەڕوو چاک بکەین کە نزیکەی 118 ماڵ تێیدا نیشتەجێ بوون و لە دەرەوەی ماستەر پلان بوون، ئەگەر لە ماستەر پلان بێت حکوومەت ڕێگە نادات گیانی هیچ هاووڵاتییەک لە مەترسیدا بێت. و ئێستاش بە بڕیاری سەرۆک بارزانی قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە. هەروەها بە بڕیاری سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر هەر خانوویەکدا شووقەیەکی نوێ بۆ هەر خانەوادەیەک دابین کراوە”.

ڕاشیگەیاند، هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار هیچی دابین نەکردووە ئێستە ئەوەی هەیە تەنیا قەرەبووی زیانلێکەتووان دەکرێتەوە لەلایەن سەرۆک بارزانی و مەسرور بازانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و هیچی دیکە نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس خنکاون لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد “ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر