دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی زۆر باشی لەگەڵ یونیتاد هەبووە

حکوومەتی عێراق کۆتایی بە ئەرکی “یونیتاد” هێنا. ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە؛ بەرپرسی کاروباری ئێزدییانیش لە وەزارەتی ئەوقاف داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکات.

حکوومەتی عێراق ئەو تیمەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق دەکرد و بە “یونیتاد” ناسراوە، ناچارکرد کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن، لە کاتێکدا هێشتا ئەرکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان کۆتایی نەهاتبوو.

کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتیی سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە: “هەرچەندە هێشتا كاره‌كانمان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە تاوانەکانی داعش له‌ عێراق ته‌واو نه‌بووه‌، بەڵام حکوومەتی عێراق چالاکییەکانی ئونیتادی ڕاگرت .”

ڕیتچەر گوتیشی: “بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و ڕووداوەکان پێویستمان بە کاتی زیاترە، کە دەبوایە ئەرکەکان تا وەکوو کۆتایی مانگی ئەیلولی 2024 بەردەوام بن، بەڵام پێشوەختە عێراق بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی یونیتادی دا.”

هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یونیتاد

لەو بارەوە دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردسان24ـی ڕاگەیاند، “ساڵی 2017 حکوومەتی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد نێردەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سێ مەبەست هاوکارییان بکات: کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەبارەی تاوانەکانی داعش، دروستکردنی دۆسیەی تایبەت بە دادگاییکردنی تیرۆریستان و پاڵپشتیی یاسایی حکوومەتی عێراق بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستان لە چوارچێوەی دادگا نیشتمانییەکانی عێراق”.

دیندار زێباری گوتی:  “تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە بڕیاری 2379ـی ئەنجوومەنی لە ساڵی 2017 دەستبەکار بووە. تیمەکە نزیکەی 230 کارمەند و سێ نووسینگەی لە عێراق هەیە. یەکێکیان لە بەغدایە، دووانیشیان لە هەرێمی کوردستانن، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک”.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، “ئەمساڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیاری 2697 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتاد دەکرد. ئەو تیمە تاوەکو 17-09-2024 لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت. ئێمە ئاگاداری بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتاد نین و بڕیارێکی مەرکەزی بووە”.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، “لە سەرەتای چوار ساڵی کارکردنیدا، ئەو تیمە کار و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی کرد، لەوانەش زیندانی بادۆش، بنکەی سەربازی سپایکەر لە تکریت و ئەوەی دیکەشیان لەسەر شنگال بوو. بە هەمان شێوە لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە کریستیان، شەبەک، کلدان و پێکهاتەکانی دیکە لێیان نیشتەجێن”.

وەکو ئەوەی دیندار زێباری ئاماژەی پێ کرد، “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاسپارد بۆ ئەوەی هاوکار و هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بکات. لەو ماوەیەدا هەماهەنگی زۆر باشمان هەبووە. سەدان چاوپێکەوتن، سەدان و هەزاران دۆکیۆمێنتی ڤیدیۆیی و دەنگیی و نووسراو کە لە ماوەی شەڕی داعش لە شنگال و دەشتی نەینەوا و لەکاتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر بنەمای یاسای تیرۆر دەستمان کەوتبوون، بەو تیمەمان دان و هاوکاری زۆر جددیمان کردن”.

وەکو ئەوەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی کرد، “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی چواری ساڵی 2021 پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان دامانە پەرلەمانی کوردستان، لە قۆناغی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە، دادگای فیدراڵی پڕۆژەیاساکەی ڕەتکردەوە؛ واتا مافی بوونی دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە”.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیکردەوە، “لە بەرامبەردا لە کۆبوونەوەی مانگی پێنجی ساڵی 2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستخۆشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، چونکە ئەو کات تیمێکی یاسایی یونیتاد لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. ئەمەریکاش وەکو دەوڵەتێکی زلهێزی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتی لە پڕۆژەیاساکە کرد. ئەمەش دانپێدانێکی نێودەوڵەتییە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتە لەوەی تیرۆریستانی داعش لەسەر بنەمای تاوانی نێودەوڵەتی سزا بدرێن”.

لەبارەی هۆی کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتاد، دیندار زێباری گوتی، “حکوومەتی عێراق گلەیی لەوە هەیە کە کاتی کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن تیمەکەوە زۆر درێژەی خایاندووە بەپێی ئەوەی ماوەی پێنج ساڵە حکوومەتی عێراق هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی وەرنەگرتووە. هۆیەکی دیکە ئەوەیە، بەشێک لەو لێکۆڵینەوانەی تیمەکە کردوونی، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ ئاگاداری حکومەتی عێراق بووە. هەروەها گلەیی ئەوەیان هەیە کە دامودەزگاکانی عێراق دەیان داواکارییان هەبووە لە تیمەکە، بەڵام جێبەجێ نەکراون”.

دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، “بە نەمانی تیمەکە، بۆشایی لە کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکان و دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش دروست دەبێت، چونکە ئەو تیمە لە عێراق بوو بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی بناسێنێت، بەڵام بە نەمانی تیمەکە پڕۆسەکە وەستێندرا. لەمەودوا حکوومەتی عێراق پشت بە یاسا ناوخۆییەکانی دەبەستێت و ئەو یاسایانە بەس نین بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی بناسێندرێن”.

گوتیشی، “یەکێکە دیکە لە هۆکان  ئەوە بووە لە عێراق یاسای سێدارەدان جێبەجێ دەکرێت، تیمەکە دەڵێت ئامادە نییە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بداتە دادگایەک ئەگەر لە داهاتوودا دابمەزرێندرێت و یاسای سێدارەدان جێبەجێ بکات، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهیچ شێوەیەک پاڵپشتی لە جێبەجێکرنی یاسای سێدارەدان ناکات. ئەمەش کێشەیە بۆ عێراق چونکە رژدە لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە.”

دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتریش ڕامانگەیاندووە لەگەڵ ئەوەداین تاوانەکانی داعش بە تە تاوانی نێودەوڵەتی بناسێندرێن. پێش یونیتادیش ئێمە لیژنەی باڵای وەزاریمان هەبوو. تاوەکو ئێستا پەرلەمانی زیاتر لە 11 وڵات تاوانەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە بە تاوانی نێودەوڵەتی بناسێندرێن کە گرنگی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە”.

وەکو ئەوەی دیندار زێباری ئاماژەی پێ دا، “لە ساڵی 2017 تاوەکو ئێستا یونیتاد زیاتر لە 11 ڕاپۆرتی داوەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە هەموو ڕاپۆرتەکانیدا دەستخۆشیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی لەگەڵ یونیتاد هەی بووە”.

سعوود مستۆ: زۆر نیگەرانین لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق

لەلایەن خۆیەوە سعوود مستۆ، بەرپرسی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  “ئەنجوومەنی ڕۆحانی و کۆمەلگەی ئێزدییایەتی لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق زۆر نیگەرانن و داوای لێ دەکەین لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە، چونکە بە گوێرەی زانیارییەکانمان تاوەکو ئێستا نیوەی کارەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) تەواو نەبوون”

سعوود مستۆ ڕوونیشیکردەوە، “هێشتا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە دەوروبەری شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق هەڵنەدراونەتەوە و پێویست بوو تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە کارەکانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە”.

وەکو ئەوەی سعوود مستۆ باسی کرد، “حکوومەتی عێراق وەکو هەر جار کەمتەرخەم بووە بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و بێئومێدی کردووین. ئێمە چاوەڕێ بووین قۆناغی کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لەلایەن ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆتایی بێت و قۆناغی دادگاییکردن دەست پێکات، بەڵام حکوومەتی عێراق بە بڕیارێکی گوماناوی کارەکانی ئەو تیمەی ڕاگرت”.

ھەواڵی زیاتر