ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بە چاودێریی سەرۆکوەزیران بەڕێوە دەچێت

قایمقامی ئاکرێ، ئامادەکارییەکانی ئاهەنگی نەورۆزی خستەڕوو، ڕاشیگەیاند؛ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ بە چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت.

دوێنێ، د. دلاوەر هەرکی، قایمقامی ئاکرێ، کە سەرۆکایەتیی لیژنەی ئامادەکاریی ئاهەنگی نەورۆزە لە ئاکرێ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ، رۆژی 20ـی ئادار، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و هەزاران میوان لە ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوە دەچێت”.
قایمقامی ئاکرێ، ڕاشیگەیاند؛ فێستیڤاڵەکە کاتژمێر 06:50 ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، لە دوای بەربانگ دەست پێدەکات. سەرەتای فێستیڤاڵەکە هەزاران مەشخەڵ دەبردرێنە بەرزاییەکانی (کەلا ئاکرێ، کەلە کەڤنێ، رەزێ میری، خرکا و گرێ تۆپا). کاتژمێر 07:40 خوولەکی ئێوارەش، یارییە ئاگرینەکان لە (کەلا ئاکرێ و کەلە کەڤنێ) دەتەقێندرێنەوە. لەگەڵ سروودی ئایینی و نیشتمانی بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر مانگی ڕەمەزان نەبێت”.
گوتیشی؛ لە کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 20ـی ئادار، فولکەی “کانیمانکرۆک”ـی ئاکرێ بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت. تەنها ڕێگە بە نەخۆشان، یان ئەوانەی حاڵەتێکی پەلەیان هەیە، دەدرێت لەو ڕێگەوە هاتووچۆ بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو: “هێزە ئەمنییەکان ئامادەکاریی تەواویان بۆ ڕێوڕەسمەکە کردووە. لێرەوە دەمەوێت ڕایبگەیەنم، هەر کەسێک لەو ڕۆژەدا تەقە بکات، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە”.
گوتیشی؛ تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرتاسەری شاری ئاکرێ بڵاوەیان پێ دەکرێت بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. هاوکات تیمەکانی کارەبا و تەندروستیش ئامادەکارییان کردووە؛ هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پێشوازیی لە میوان و گەشتیاران بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر