سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواکارییەکی دانیشتووانی گەڕەکی ژیانی هەولێر جێبەجێ دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا گرێبەستی تایبەت بە پارچە زەوییەكی گەڕەكی ژیان لە شاری هەولێر هەڵبوەشێتەوە، کە پێشتر دانیشتووانی گەڕەکەکە ناڕەزیبوون لە کارکردن لەو شوێنە و دوای فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو پارچە زەوییە هەروەک ناوچەیەکی سەوزایی دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) دانیشتووانی گەڕەكی ژیان لە شاری هەولێر، داوایان لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، گرێبەستێكی شارەوانی لەگەڵ وەبەرهێنەرێك لەبارەی پارچە زەوییەكی گەڕەكەكەیان هەڵبوەشێنێتەوە، راستەوخۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیدا بە جێبەجێکردنی داواکاریەکەیان و راگرتنی کارکردن لەسەر ئەو پارچە زەوییە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەدەنگ داخوازی دانیشتووانی گەڕەکی ژیانەوە چووە و فەرمانی کردووە گرێبەستی شارەوانی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەی بەشێوەیەکی یاسایی قەرەبوو کرابووەوە بەهۆی زیانکردنی لە شوێنێکی دیکە، هەڵبوەشێندرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە، ئەو پارچە زەوەییەی گەڕەکی ژیان هەر بە سەوزایی دەمێنێتەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەو هاووڵاتییەی دیکەش لە شوێنێکی دیکە قەرەبوو دەکرێتەوە، کە سەرقاڵی دروستکردنی مەشتەلێک بووە لەسەر ئەو پارچە زەوییە، نەک بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی بازرگانی بەکارهێندرابێت.