سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژمارەیەك پارت و نوێنەری كریستیانەكان بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن

ئەمڕۆ دووشەم ژمارەیەك پارت و نوێنەری كریستیانەكان بە فەرمی بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.

10 پارت و نوێنەرەی كریستیانەكان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند “ئێمە وەك نوێنەرانی كریستیانەكان لە كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە هاوپەیمانی حمورابی و هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی و دەستەی باڵای سیاسی كلدانی، بە چاوی ڕێزەوە لە بەیاننامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانین و پشتگیری بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین كە لەژێر واقعێكی نادەستووری و نایاسایی و سیستەمێكی نادادپەروەرانەی سەپێنراو ئەگەری بەڕێوەچوونی هەیە”.

راشیگەیاند “بڕیاری كریستیانەكان و توركمانەكان و دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسی كوردستان، هەنگاوێكی چارەنووسسازە لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و دەستوور و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سروشتی فیدڕالی عێراق”.

هەروەها رایگەیاند “ئێمە لێرەدا سوپاسی رێزدار جەنابی سەرۆك كاك مسعود بارزانی  دەكەین كە جارێكی دیكە ئەوەیان سەلماند كە جەنابیان لە گشت قۆناغە ئەستەم و چارەنوسسازەكان یەكەمین و بەهێزترین داكۆكیكەری راستەقینەن لە بەهاكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و قەوارەی فیدڕالی و دەستووری كوردستان و عێراقن”.

لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە “جارێكی دیكە ئێمە وەك نوێنەری كریستیانەكان لە كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە دەكەینەوە لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دامەزراوە یاسایی و دەستووری و دادوەرییەكانی هەرێمی كوردستان و لەژێر یاسایێكی كوردستانی و بە ڕێكخستنی كۆمیسیۆنێكی بێلایەنی كوردستانی بەبێ دەستوەردانی دەرەكی كە هەڵبژاردنێكی كوردستانی بێت و بۆ گشت كوردستانییەكان بێت بە یاسایەكی كوردستانی نەك یاسایەكی سەپێنراوی هاوردەكراوی دەرەكی بێت”.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە “بۆیە ئێمە پشتگیری لە بەیاننامەی پارتی و پشتگیری لە گشت هەنگاوەكان لەپێناو پاراستنی دیموكراسی و بێلایەنی دامەزراوەكانی یاسایی و پاراستنی دەستووری عێراقی فیدڕال دەكەین، و دژ بە هەر بڕیارێك دەوەستینەوە كە دەبێتە ئەگەری تێكدانی سیستەمی فیدڕالی و دیموكراتی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەمەی ئەمڕۆ وەك واقیع و دەستوور بەرقەرارە، بەرهەمی خوێنی پیرۆزی سەدان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم نیشتمانەیە”.

ناوی ئەو 10 پارت و نوێنەرەی كریستیان كە بڕیاریانداوە بەشداری هەڵبژاردن نەكەن:-

حزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان

حزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان

لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن

رەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانەكان

حزبی یەكێتی دیموكراتی كلدان

هاوبەندی جیهانی كلدان

كۆمەڵەی ئەرمەن

هاوپەیمانی حمورابی – عێراق

هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی – هەرێمی كوردستان

دەستەی باڵای سیاسی كلدانی