كاندیدێكی سەربەخۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند

كاندیدێكی سەربەخۆ لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمی بایكۆتكردنی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.

ئومێد پاڵانی كاندیدی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند “وەک کاندیدێکی تاکەکەسی سەربەخۆ بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە بڕیاربوو لە 10/6/2024 ئەنجام بدرێت”.

راشیگەیاند “هەر بۆیە سبەی سێشەم داواکارییەک پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق – ئۆفیسی هەولێر دەکەم بەمەبەستی دواخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دووشەم مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە و دوای كۆبوونەكەش بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتبوو كە به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ناكه‌ن كه‌ له‌ سایه‌ی سیسته‌مێكی سه‌پێندراودا به‌ڕێوه‌ بچێت.

لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتبوو كە بەهۆی بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدڕالی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان و گۆڕینی شێوازی بەڕێوەچوون و سیستەمی هەڵبژاردن و چەند هۆكار و بارودۆخێكی تری سیاسیی هەنووكەیی، بڕیاری بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داوە.

دوای بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، چەندان پارت و لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەروەها چەندان كاندیدی سەربەخۆی تریش بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی.

وێنە: ئومێد پاڵانی كاندیدی سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستان:-