موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە ماوەیەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورە جێبەجێ دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەڵێت: لە ماوەیەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورە و بەرچاو لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین، بەو پڕۆژانەش زیاتر خزمەتی خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت، کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی دیکە دەکەین.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر وتەیەکی بارزانیی نەمر دامەزراوە کە دەڵێت: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری گەلەکەی بێت” دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی ببێتە جێگەی ئومێد بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و ھەموو ئەو کەسانەی کە پێویستییان بە خزمەتکردنێکی مرۆڤانەیە و شانازی دەکەین کە لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر خزمەت دەکەین، نەک تەنھا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە جیهانیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی دیار و بەرچاوە، ھەروەھا ئەم دەزگایە بووەتە ھیوایەک بۆ خانەوادەی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی لێقەوماو، ھیوادارین بتوانین لە ئاست خزمەتکردنی پەیامی بارزانیی نەمردا بین، بۆیە ھەموو ھێز و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ خزمەتکردنی چین و توێژەکانی کوردستان و پارچەکانی دیکە و جیهان.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ھەموو ھەرێمی کوردستان کار و چالاکیی ھەیە، دەڤەری سۆرانیش لای ئێمە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ھەوڵمانداوە ھەندێک پڕۆژەی گەورە لەم دەڤەرە جێبەجێ بکەین، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا چ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، یاخود دوای ئەم مانگە دەست دەکەین بەو پڕۆژانە، ئەو پڕۆژانەش بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت، کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی دیکە دەبن.