ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریدا، بە داشکاندنى 20%ـی لە کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، هەروەها قوتابییانی بۆردی کوردستانی کە بەشێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون لەکرێی خوێندن دەبەخشرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی کۆبووەوە، کە وەزیری خوێندنی باڵا، بریکاری وەزارەت و سەرجەم زانکۆ حکومییەکان، راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی تێیدا ئامادەبوون، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکیان بۆ بەرژەوەندی قوتابییان دەرکرد.

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە پێویستی کردنەوە و هێنانەکایەی بەشی نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی پێداویستییەکانی بازاڕی کوردستان کردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بە داواکارى ژمارەیەک لە قوتابییانی (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024)، کە لە تاقیکردنەوەى خولى دووەمى سیمستەرى یەکەم دەرنەچوون، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە پێدانى دەسەڵات بە ئەنجوومەنى زانکۆکانى کوردستان بۆ بڕیاردران و یەکلاییکردنەوەى کۆى حاڵەتەکانی هاوشێوە لەنێو ئەنجوومەنى زانکۆکان.

تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ئالیەتەکانى وەرگرتنەوەى کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە قوتابییانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە داشکاندنى 20% لە کرێى خوێندنى بەرایی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، لە کۆى ئەو پارەیەى کە لەلایەن قوتابییانەوە ماوە بیدەن، بەمەرجێک پێش (5/ 5/ 2024) بە یەک قیست گشت پارەکە بدات، ئەمە تەنها بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) جێبەجێ دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا داواکارى قوتابییانى بۆردى کوردستانى کە بەشێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون بە لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن، گفتوگۆى لەبارەوە کراوە و ئەنجوومەنى وەزارەت داواکارییەکەى پەسەندکرد.