هه‌ولێر … كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌كانی‌ زه‌وی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێرو سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران به‌رێوه‌چوو

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 17_3_2024 به‌سه‌رپه‌رشتی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئه‌ندامانی باڵای لێژنه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی‌ زه‌وی و زار، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئه‌و پرسه‌ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌رێوه‌چوو. كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ رووی ده‌رچه‌یه‌كی یاسایی بوو بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی‌ زه‌وی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێرو سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران .
تێدا جارێكی تر راسپارده‌یی رێزدار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرایه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌وی و زاری موڵكی گشتیی و پۆلێنكردنی زه‌وییه‌كانی شاره‌وانی و كشتوكاڵی و نیشانكردنی حه‌ره‌می گوند له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران.‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر خاڵ به‌ خاڵی ئه‌و ره‌شنووسه‌ كرد، كه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی‌ زه‌وی و زار ئاماده‌ كرابوو.
لێژنه‌كه‌ باسیان له‌ وردكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و رێو شوێنانه‌ كرد، كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌ به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پێشێلکاری و یاسا شکێنیانه‌ی، كه‌ وه‌ك ته‌جاوزركردن بۆ سه‌ر موڵكی گشتی ئه‌نجام دراون و‌ زۆربه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێنماییه‌كانه‌وه‌ن.
هاوكات رای گشتی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ پێویسته‌ به‌ میكانیزمی یاسایی ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ تاوه‌كو له‌وه‌و دوا به‌شێوه‌ی كۆنكریتی ڕێگری بكرێ له‌ زێده‌ڕۆیی و سه‌رپێچیه‌كان بۆ سه‌ر موڵكی گشتیی. بریاریش درا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا ره‌شنووسی ڕاپۆرتی كار پێكراو تێرو ته‌سه‌لتر بكرێ و هه‌موو ده‌رچه‌ یاساییه‌كان به‌ روونی دیاری بكرێ تاوه‌كو ره‌زامه‌ندی گشتی وه‌ربگرێ.