زانیاری لەبارەی ئەو دەنگەی لە هەولێر بیسترا

ئەو دەنگەی لەو هەولێر بیسترا،بە هۆی پۆچەڵکردنەوەی چەند مین و بۆمبێکی سەردەمی رژێمی بەعس بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-03-2024، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری کۆمەڵگەی “کانیقرژاڵە”ـی سەر بە پارێزگای هەولێر بیستران.

موقەدەم سامی خۆشناو، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور راگەیاند، بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای مینی هەرێمی کوردستان، هەندێک مین و بۆمبی سەردەمی رژێمی بەعسیان پۆچەڵکردووەتەوە و ئەو دەنگانەی لە هەولێر بیستراون، لە ئەنجامی پۆچەڵکردنەوەی ئەو مین و بۆمبانە بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 10-03-2024، سێ ئەندامی هێزەکانی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی چەند مینێکی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران، چەند مینێکیان پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا.