محەممەد حاجی مەحموود: حکوومەتی عێراق بە پارەی هەڵەبجە کوەیتی قەرەبوو کردەوە

سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت، حکوومەتی عێراق بە پارەی هەڵەبجە کوەیتی قەرەبوو کردەوە. بە پێویستیش دەزانێت، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورە بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 16-03-2024، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، راگەیاند، “حکوومەتی عێراق پارەی خەڵکی هەڵەبجەی برد قەرەبووی کوەیتی پێ دایەوە. پێویستە قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجە بداتەوە”.

محەممەد حاجی مەحموود بە پێویستی دەزانێت، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورە بکرێت، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، “ستەمێکی زۆری لێ کراوە و ئەو حکوومەتەی بۆردوومانی کردووە حکوومەتی وڵاتەکەی خۆی بووە”.

بە گوتەی سکرتێری  پارتی سۆسیالیستی کوردستان، “بە دڵنیاییەوە تاکە چەکی بەهێز کە ئەمڕۆ لە دەستی خەڵکی کوردستانە، یەکڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی هەموو هەرێمی کوردستانە”.