په‌يامى سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ يادى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌

له‌ (36)هه‌مين ساڵيادى مه‌رگه‌سات و تاوانى سامناكى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رى ڕێز نه‌وازش بۆ گيانى پاكى زياتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هيدى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين، به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكاريان و بۆ هه‌موو ئه‌و قوربانييانه ده‌نێرين كه‌ هێشتا به‌ شوێنه‌وار و پاشماوه‌ و نه‌خۆشييه‌كانى ئه‌و تاوانه‌وه،‌ ده‌ناڵێنن.‌

كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ڵقه‌يه‌كه‌ له‌ زنجيره‌يه‌ك تاوان و جينۆسايد و ئه‌نفال و زينده‌به‌چاڵكردن كه‌ زۆر دڕندانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى سته‌ملێكراوى ئاشتيخواز و ژياندۆست و مرۆڤپه‌روه‌رى كوردستان كراوه‌، ته‌نيا گوناهيشى ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ وڵاتى خۆيدا داواى ماف و ژيان و ئازادى و شكۆمه‌ندى كردووه‌. ئه‌گه‌ر هيچ دادپه‌روه‌رييه‌ك هه‌بوايه‌، ته‌نيا جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان، بناسرێن.

له‌م ياده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌يييه‌كان و ته‌واوى قوربانييانى جينۆسايد و ئه‌نفال و تاوانه‌كانى ڕژێمى پێشوو له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كانيشدا باشترين خزمه‌ت بكرێن. بۆ ئه‌مه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراق هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه‌كان و دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئاستى جيهانيش ده‌بێ كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز ڕێگه نه‌درێت تاوان و كۆمه‌ڵكوژيى ئاوا له‌ هيچ شوێنێك دووباره‌ ببنه‌وه‌.

ده‌سكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى سياسى و ده‌ستووريى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستانن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، بۆيه‌ ئێستاش ئه‌ركى هه‌مووانه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى بيانپارێزن و گيانى شه‌هيدان و دڵى خێزان و كه‌سوكاريان شاد بكه‌ن، تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و ئارام و پارێزراو هه‌نگاو بنێين.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/3/16