پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

ئەمڕۆ شەممە 3/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بڵاوکردەوە ، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی؛

لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .
ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان .
جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین ، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.

خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە ، ڕەزامەندیمان لە سەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو . هیوادارين لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین .
شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون ، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لە بیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بە بیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە .

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/16