دوو شەپۆلی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەكی كەشوهەوا وادەی گەیشتنی شەپۆڵێكی بارانبارینی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند و جەختی كردەوە كە گەیشتنی شەپۆڵەكە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبێت.

ئاراس جەبار شارەزای كەشوهەوا رایگەیاند: لە ئێوارەی رۆژی ھەینی داهاتوو حاڵەتێکی خێرای ناسەقامگیری کەش دروست دەبێت لە ئەنجامی ھاتنی شێی دەریای سووری عەرەبی بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە.

راشیگەیاند: شەپۆڵەكە لە چالاکبوونی با و ھەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە خۆی دەبینێتەوە کە لە ھەندێ شوێنی ئەم ناوچانەدا ھەورەبروسکەی توندیش چالاک دەبێت و ئەم حاڵەتە تا بەیانی رۆژی شەممە بەردەوامی دەبێت .

ئاماژەی بەوەش دا: لە ھەفتەی ئایندەدا بەتایبەت لە رۆژانی 18 و 19ی مانگ، ئەگەر ھەیە بارستەیەک ھەوای زۆر شێدار تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە و شەپۆلێکی بەھێزی ھەورەبروسکە و لێزمەباران بەشێوەی سەرتاسەری دروست ببێت.

جەختیشی كردەوە كە لەم شەپۆڵەدا پێشبینی بارانێکی زۆر لە سەرجەم ناوچەکان دەکرێ لەگەڵ دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە لە ھەندێ شوێندا ھاوشێوەی شەپۆلەکەی ڕابردوو

ھەواڵی زیاتر