سبەی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی بارزانیی نەمرە

بەیانی سەد و بیست و یەک ساڵ بەسەر لە دایکبوونی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت، کە ھەموو ژیانی خۆی بۆ خەبات و ڕزگارکردنی گەلەکەی لەژێر دەستی و گەیشتن بە سەروەری و ئازادی تەرخان کرد بوو، بۆ ئەم مەبەستە چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی بەرپا کردووە، بەبڕوای سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان، بارزانیی نەمر، سەرکردەیەک بووە ژیانی خۆی لە پێناو خەڵکی مەزڵوم کردووەتە قوربانی، ئەو کەسانەی ژیانیان بۆ میللەتەکەیان تەرخان کردووە نامرن.

بارزانیی نەمر، لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر و نەتەوەیی لە بارزان لە دایکبووە، لە دیارترین ئەو چالاکییانەی لەو یادەدا ڕێکدەخرێن، سەردانی مەزاری بارزانیی نەمر و دووپاتکردنەوەی بەڵێنی وەفادارییە بۆ ڕێبازی نەتەوەییانە و نیشتمانییانەی بارزانیی نەمر و ناشتنی نەمام و سەوزکردنی زیاتری خاکی کوردستانە.
ساڵانە بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و بەرخودانی سەرکردە و باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد و دووپاتکردنەوەی سۆز و پەیمان لەگەڵ ڕێبازی بارزانیی نەمر بە ھەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان و کوردستانیانی پارچەکانی دیکە سەردانی مەزاری نەمران دەکەن و ئەو یادە بووەتە کەڕنەڤاڵێک بۆ دووپاتکردنەوە و بەڵێنی وەفاداربوون بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، ھەر لەو یادەدا وەکو ھەموو ساڵێک ھاووڵاتییان و کەسایەتییە سیاسی و ئاکادیمییەکان و ھاووڵاتی و کەسایەتییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن و سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی دووپات دەکەنەوە.
بارزانی ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بە خزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژوویی سیاسی خۆیدا، بڕوای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخواز و، ئازاو جوامێر و سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە.
بارزانیی نەمر، یەکێکە لە ڕابەرە گەورە و ناسراوەکانی کورد و کوردستان و بەھۆی ئەو خەباتە جیاکار و نموونەی لە پێناو ئازادی و سەربەستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و ڕۆڵێکی وەرچەرخێنەری لە مێژوودا تۆمارکرد، چەند زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات وێستگە و قۆناغ و ئاکام و ئاراستەکانی ئەو مێژووە مۆرک و ڕەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەکاندا پرشنگدەدات، ئەمەش گرنگی شێواز و ڕەوتی تێکۆشانی بارزانیی نەمرە، وەک ڕابەرێکی مێژوویی ئێستە دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ناو و فیکر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بارزانیی نەمر، ئامادەییەکی کارایی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستاندا ھەیە و بووەتە پێداویستییەک بۆ سەلماندن و داکۆکی کردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەی کێشەی ڕەوای ئەم گەلە.
بارزانیی نەمر، بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بەرپا کرد، توانی ھەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی گەلی کورد بکات، ھەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی گەلی کوردستاندا بەخشی و، تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچنەکردنی بۆ دوژمنانی گەلی کورد، دووجار لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر میللەتی کورد ھەیە نەھێلێت و مافی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت.
بەگوێرەی لێکدانەوەی مێژوونووسانی کورد و سەرچاوە مێژووییە ناوخۆیی و بیانییەکان، بارزانیی نەمر یەکەم سەرکردەی ھەڵکەوتووی کورد بووە، خەباتی کوردی لە بازنەی ناوچەیی بوونەوە، کردە خەباتی نیشتمانی و سەرتاسەری و لە داخوازیی مافی سەرەتایی و مافی مرۆیی و کلتوورییەوە، داواکارییەکانی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستی داواکاریی سیاسیی، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیشی لە نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسیی تۆکمە و ڕوون دەرباز کرد، بە دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش لە ‌١٦ ئابی ١٩٤٦ داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبێکی سیاسیی ڕێکخراودا ڕێکخست و خەباتی گەلەکەی و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، گواستەوە قۆناخێکی پێشکەوتوو.

بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی بارزانیی نەمر

  • مەلا مستەفا بارزانی، کوڕی شێخ محەممەد بارزانییە و لە گوندی بارزان لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ لە دایکبووە.
  • لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی دەستگیر کرا و بارزانیی نەمر و دایکیشی لە مووسڵ خرانە زیندانەوە.
  • بۆ ماوەی شەش ساڵ لە لای چەند مامۆستایەک لە گوندی بارزان سەرقاڵی خوێندن بووە، دواتر ڕووی کردووەتە خوێندنی فیقھی ئیسلامی و ماوەی چوار ساڵ زانستە ئایینییەکانی خوێندووە، لە ماوەی دووخرانەوەی بۆ سلێمانی، ھەوڵی تەواوکردنی خوێندنی داوە.
    وێستگەکانی تێکۆشان و خەباتی
  • بارزانیی نەمر لە ١٩١٩ بەشداریی لە جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی کردوو و سەرپەرشتی تیمێکی پێشمەرگەی کرد، کە ژمارەیان سێ سەد پێشمەرگە بوون.
  • لە ساڵی ١٩٢٠ شێخ ئەحمەدی بارزان، برا گەورەی بارزانی، وەک نوێنەر ڕەوانەی باکووری کوردستان دەکات بۆ ئەوەی سەردانی شێخ سەعیدی پیران بکات و ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەی دروست بکات.
  • لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ و ١٩٣٢ سەرپەرشتی ھێزێکی بارزانییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە میحوەری مێرگەسۆر و شێروان مەزن لە بەرانبەر ھێزەکانی ئینگلیز، لەو شەڕەدا بەھۆی چاپووکیی و کارزانییەوە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستھێنا و توانی میحوەرەکەی بپارێزێت.
  • لە ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ھەندێک لە پیاوەکانیان، ڕوویان کردە تورکیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، دواتر بەھۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەکان و دەستەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوور خرانەوە، دواتر گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی دە ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر برد.
  • لە ١٢ی تەممووزی ١٩٤٣ بە ھاوکاریی ڕێکخراوی ھیوا توانی لە سلێمانی خۆی دەرباز بکات و بچێتە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
  • لە ھەمان ساڵدا لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەک گەنج لە دەوری کۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا دوو ھەزار پێشمەرگەی خۆبەخش ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنکەکانی پۆلیسی ناوچەکەدا بگرن.
  • لە پایزی ١٩٤٣دا حکوومەتی بەغدا شاندێکی ڕەوانەی بارزان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی وتوێژ بکەن و شەڕ بوەستێنن، بارزانیی نەمر مەرجی ئەوەی خستەڕوو، کە دەبێت شێخ ئەحمەدی بارزانی و سەرجەم دوورخراوەکان بگەڕێنەوە، حکوومەتی نوری سەعید ھەموو مەرجەکانی بارزانیی نەمری جێبەجێ کرد.
  • لە ١٩٤٣ و ١٩٤٥ شۆڕشی بارزان لە دژی حکوومەتی عێراق، کە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێ دەکرا سەری ھەڵدا و شۆڕش ناوچەیەکی فراوانتری کوردستانی گرتەوە.
  • لە ١١ی ئایاری ١٩٤٥ بارزانی و پێشمەرگەکانی ڕوویان کردە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
  • لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ بارزانی لە مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بەشداری کرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستانەوە، کرایە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.
  • لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بارزانیی نەمر، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند و وەکو سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا.
  • دوایی نسکۆی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٧ ڕێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئەنجام دا و بارزانیی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەستەڵاتی ئێران بکات لەگەڵ پێنج سەد پێشمەرگە ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەت و لەو ڕێڕۆیشتنەشدا، ڕووبەڕووی سوپاکانی عێراق، ئێران و تورکیا بوونەوە.
  • ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٤٧ بارزانی و یاوەرەکانی لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەکێتیی سۆڤیەت.
  • لە دوایی شۆڕشی چواردەی تەممووزی ١٩٥٨ بارزانیی و یاوەرانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا ھەولێر جەماوەر پێشوازیان لێکردن.
  • عەبدولکەریم قاسم، سەرۆککۆماری عێراق لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٨ پێشوازی لە بارزانیی و یاوەرانی کرد.
  • لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ بارزانیی ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەستەڵاتدارانی بەغدا کرد و شۆڕشەکەی ١٥ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا.
  • لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بارزانیی و حکوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕێککەوتن ئەوە یەکەمجار بوو لە مێژوویی کوردستاندا شۆڕشێکی کوردی بە ٩ ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستکەوتە بۆ کورد بەدەستبهێنێت.
  • لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بەھۆی ڕێککەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد ڕەزا شای ئێران لە جەزائیر شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو و بەو ھۆیەوە بارزانیی و ھەزاران پێشمەرگەی شۆڕشەکەی ڕێگەی ئاوارەییان ھەڵبژارد.
  • لە دوایی نسکۆی ١٩٧٥ جارێکی دیکە بارزانیی چاودێری و سەرپەرشتی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی کرد.
  • لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ بارزانیی نەمر لە ئەمریکا بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد لە ٥/٣/١٩٧٩ لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری شنۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەر سنووری باشووری کوردستان و باکووری کوردستان ئەسپەردەی خاک کرا.
  • لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ تەرمی بارزانیی نەمر و شەھیدی ھەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ ھێنرانەوە بۆ کوردستان و لە خاکی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.
ھەواڵی زیاتر