چەند پڕۆژەیەک لە شارۆچکەی هەریر بە گوژمەی نزیکەی 700 ملیۆن دینار ئەنجام دەدرێن

قایمقامی بەوەکالەتی هەریر رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە 698 ملیۆن و 428 هەزار دینار، پڕۆژەی قیڕتاوكردن و كۆنكرێتكردنی چەند كۆڵانێك، لە سەنتەری شارۆچکەی هەریر دەست پێدەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2024، شێروان جەلال بەگ، قایمقامی بەوەکالەتی هەریر، راگەیاند، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە 698 ملیۆن و 428 هەزار دینار، پڕۆژە بۆ هەریر دەکرێت

بەگوتەی ئەو: “پڕۆژەکان چەند کۆڵان و گەڕەکێک لەخۆ دەگرێت، یەکێک لەو کۆڵانانەی کە قیرتاو دەکرێت، کۆڵانی شەهید فەرەنسۆ هەریرییە کە ئاو و ئاوەڕۆی بۆ جێبەجێ دەکرێت و کۆڵانەکانی دیکەش کۆنکرێت و قیرتاو دەکرێن، ئێستا لە قۆناغی تەندەرە کە بدرێت بە بەڵێندەر بۆ جێبەجێکردنی”.

شێروان جەلال بەگ گوتی: “پڕۆژەیەی باتاسی کۆن کە هی ساڵی 2022 لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتاییدایە تەنیا کۆنکرێتی ماوە، پڕۆژەیەکی نوێی دیکەش کە هەردوو دەروازەی هەریر لەخۆ دەگرێت ئەویش دانانی شۆستە و ناوبەندی شەقامە، لە پەیکەری عەلی هەریری تاکو کۆتایی گەڕەکی هەنارە، بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، لە ئێستادا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ گەڕاوەتەوە، تەنیا رەزامەندی وەزارەتی دارایی ماوە.”

دەشڵیت: “هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەر پلانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ چەند گەڕەكێكی دیكەی هەریر جێبەجێ بكەن”.

ھەواڵی زیاتر