یادداشتەکانی ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆمار : وەزارەتی ڕۆشنبیریی چین (520) فەرمانبەری هەبوو، کەچی هی عێراق (16) هەزار فەرمانبەر بوو!

د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق یاداشتنامەیەکی سیاسیی خۆی بەناوی (خلف الستائر) نووسیوە، تێیدا سەردەمی عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی وەک مێژوو ئەریشف کردووە.

باسی چەندان وێستگە و لایەنی گرینگی کردووە، لەوانە مەسەلەی داعش و بودجە و سڕینەوەی ناوی وەهمی لە لیستی مووچەخۆران و بەهەدەردانی پارەوپوولی گشتی،
هەروەها باسی شەڕی ڕاگەیاندنەکانی نێوان عێراق و هەرێم و چەندان باس و خواسی دیکە دەکات. لە درێژەی یادداشتەکانی باسی گەشتێکی فریاد ڕواندزی وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری عێراق دەکات. دەڵێت:
وەزیری ڕۆشنبیری فریاد ڕەواندزی : لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ چین، لەبارەی ژمارەی کارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری پرسیاری لە وەزیری ڕۆشنبیریی چین کردووە، ئەویش وەڵامی داوەتەوە کە ئەوان تەنها (٥٢٠) فەرمانبەریان هەیە، لە وڵاتێکدا، کە ژمارەی خەڵکەکەی زیاتر لە یەک ملیار و نیوە. هەروەها فریاد ڕواندزی گوتی : (شەرم دایگرتم کاتێک پرسیاری ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراقی لێ کردم کە ١٦ هەزار فەرمانبەر بوو!)