لە مەراسیمی ناساندنی دووەم کتێبی بازنەی گفتوگۆ، پانێڵێک بەناونیشانی ئالنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی سازکرا

ڕۆژی 10ـی ئادار، لە مەراسیمی دابەشکردنی کتێبی دووەمی بازنەی گفتوگۆ بەناوی (ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی)، پانێڵێک سازکرا بەناونیشانی “گرنگی گفتوگۆ بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان” بۆ هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد ڕەئووف، سیاسەتمەداری کورد.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، حزبی، ڕۆشنبیر، ئەکادمیست، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار چین و توێژی جیاجیا بەڕێوەچوو.
دوای خولەکێک وەستان بۆگیانی پاکی شەهیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئدریسی هەمیشە لەیاد، وتاری بەخێرهێنان لەلایەن د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشکەشکرا و تێیدا ئاماژەی بەوەدا: پلاتفۆڕمی بازنەی گفتووگۆ، لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەساڵی 2023 دەستپیکردووە و لێرەوە پرس و مژارەکان دەکەین بە بابەت و، جیاوازی بیروڕا، ئایدولۆژیا حزبییە جیاوازەکان کۆدەکەینەوە و بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپیان دەکەین، لە بازنەی یەکەمی گفتوگۆ، دەقی گفتوگۆیەکەمان لە کتێبێکدا یاداشتکرد بەناوی “ناڕەزایی خەڵک” چونکە خەڵک سەرنتەری تێگەیشتنی ڕیبازی بارزانییە، خەمی خەڵک بیرکردنەوەی هەرە ڕۆشنبیری ئەم حزبەیە چونکە بارزانیی نەمر فێری کردووین، مرۆڤ شانازییە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت، کتێبی ئەمجارەش کە ئێستا بەهۆیەوە لێرە کۆبووینتەوە بریتییە لە “ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی”.
دوای نمایشکردنی فیلمێکی دیوکیۆمێنتاری لەبارەی ئەڵقەکانی بازنەی گفتوگۆ، پانێڵێک بۆ هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد ڕەئووف، سیاسەتمەداری کورد سازکرا و تێیدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاسایشی نیشتیمانی و گرنگی بازنەی گفتوگۆ و ڕۆڵی لە کۆکردنەوەی ئایدولۆژیا جیاکان کرا.
لەکوتایی مەڕاسیمەکەدا سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەش بە ئەندامانی بازنە و میوانانی هەرشەش ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ کرا و پاشان کتێبەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.