بەپێی ئامارێکی دادگەکانی باری کەسی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر و دەوروبەری، دەرکەوتووە حاڵەتەکانی جیابوونەوە یان تەڵاق ٢٥%ی کۆی حاڵەتەکانی هاوسەرگیرین و نەگونجاوی، جیاوازیی تەمەن و ناپاکی بە زۆرترین هۆکاری جیابوونەوە هەژمار کراون و بەیەکەوە هۆکاری نیوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوەن.
ئامارەکە کۆی حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا کۆتایی ساڵەکەی خستووەتە ڕوو و بە گشتی حەڤدە هەزار و پێنجسەد و چل و سێ حاڵەتی هاوسەرگیری کراوە و لە بەرانبەردا پێنج هەزار و هەشتسەد و پەنجا و حەوت جیابوونەوە یان تەلاق روویانداوە.
ئەو ئامارە دەیسەلمێنێت لە هەولێر و دەوروبەری لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ سێ حاڵەتی هاوسەرگیری ئەوا حاڵەتێکی جیابوونەوەش هەبووە.
ئەوەی لەم ئامارەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر و دەوروبەری جێی بایەخە ئەوەیە کە لە هۆکاری سەرجەم حاڵەتەکانی جیابوونەوە کۆڵدراوەتەوە و دەرکەوتووە هۆکاری جیاواز لە پشتی هەڵوەشانەوەی خێزانەکان بووە.
نەگونجان لەگەڵ یەکتر بە هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوە یان تەڵاق داندراوە و ٢٥% ی بەرکەوتووە و بە واتایەکی تر لە هەر چوار حاڵەتی جیابوونەوە یەکێکیان پێوەندیدارە بەوەی دوو کەسەکە لەگەڵ یەکتر نەگونجاون .
دووەم زۆرترین ڕێژە لە هۆکاری جیابوونەوە لە هەولێر بریتییە لە جیاوازیی تەمەن کە ١٤%ە و دەرکەوتووە هەشتسەد و بیست و نۆ حاڵەتی جیابوونەوە پێوەندیدارە بەوەی یەکێکیان لەوانەیە تەمەنی زۆر بچووک یان زۆر گەورە بێت و ئەو جیاوازییە تەمەنە هۆکار بووە لەوەی بە یەکەوە هەڵنەکەن و جیا ببنەوە.
سێیەم هۆکاری جیابوونەوە لە ساڵی ڕابردوودا کە لای دادگەکانی هەولێر سەلمێنراوە پێوەندیدارە بە داوێنپیسی و ناپاکی هاوسەران بەرانبەر یەکتر و ڕێژەی ١٣%ی پێ بڕاوە کە ڕێژەیەکی بەرزە و حەوتسەد و شەست و سێ حاڵەتی هاوسەرگیری لەبەریەکتر هەڵوەشاندووەتەوە.
چوارەم هۆکاری تەڵاق لە هەولێر و دەوروبەری بۆ نەبوونی ماڵی جیا دەگەڕێتەوە و وا دیارە لە دۆسیەکانی دادگە ژنەکان پێداگرییان کردووە کە ماڵی جیایان هەبێت و لە گەڵ ماڵی خەزووریان ناگونجێن و بۆیەش کاتێک کوڕەکە نەیتوانیوە ئەو ماڵە دابین بکات یان ویستی جیابوونەوە لە ماڵی باوکی نەبووە دواجار کێشەکەیان چارەسەر نەبووە و بە جیابونەوە کۆتایی پێ هاتووە.
هۆکارێکی تر کە لە پلەی پێنجەمدایە لە هۆکارەکانی جیابوونەوە بریتییە لە تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی سەردەم، وەک ئاشکرایە تەکنەلۆجیا لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک تایبەتمەندی باشی هەیە لە هەمان کاتدا تایبەتمەندیی خراپیشی هەیە و ١٠% لە کۆی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە هەولێر و دەوروبەری بەو هۆکارە بەستراوەتەوە.
نەزۆکی یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە ژمارەیەکی زۆری خێزانی لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣ پێنجسەد و سی و پێنج حاڵەتی جیابوونەوە لەبەر کێشەی نەزۆکی ڕوویداوە کە ٩%ی کۆی حاڵەتەکانی تەڵاق پێکدەهێنێت.
هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، هێنانی ژنی دووەم، تووشبوونی یەکێکیان بە نەخۆشی هۆکار گەلێکی دیکەن کە دادگەی تێهەڵچوونەوە وەک وک هۆکاری جیابوونەوە ئاماژەی پێ کردوون هەرچەندە ڕێژەکەیان بەراورد بەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێ کرا کەمترە.
بۆ نموونە لەبەر ئەوەی پیاوەکە ویستوویەتی ژنی دووەم بهێنێت دوو سەد و سی و نۆ ژن لە مێردەکانیان جیا بوونەتەوە و بە ژنی دووەم ڕازی نەبوون.
پێویستە بگوترێ لە نێو ڕەگەزی نێردا زۆرترین حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە قۆناغی تەمەنی بیست تا بیست و چوار ساڵان بووە و تەمەنی پازدە تا نۆزدە لە ڕیزبەندی دووەمدا و تەمەنی بیست و پێنج تا بیست و نۆ لە ڕیزبەندی سێیەمدا دێت.
بەڵام لە نێو ڕەگەزی مێیینەدا دۆخەکە جیاوازترە و زۆرترین حاڵەتی شووکردن لە تەمەنی پازدە بۆ نۆزدە ساڵیدا ڕووی داوە و تەمەنی ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ لە ڕیزبەندی دووەمدا دێت و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیش ژمارەکە کەم بووەتەوە. لە قۆناغی تەمەنی سەرووی شەست ساڵ حەڤدە پیاو ژنیان هێناوە بەڵام لە هەمان قۆناغی تەمەن تەنیا یەک کچ شووی کردووە.
ئەوەی لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان مایەی نیگەرانی بووە ئەوە بووە ئاماری هاوسەرگیری لە دابەزین و رێژەی جیابوونەوە لە هەڵکشاندایە کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. هەبوونی ئەم جۆرە ئامار و دەرەنجامانە بەرچاوڕوونییەکی زۆر باشە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ئەوەی بە هەندێک بڕیار گرتنەبەری کۆمەڵێک رێکاری گونجاو هەوڵی کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بدرێت.