بەفەرمانی سەرۆکوەزیران بەفەرمی هەریر کرا بە شارۆچکە

قایمقامی هەریر رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ ژمارە 451 هەریر کرا بە شارۆچکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، شێروان جەلال بەگ، قایمقامی هەریر راگەیاند، لە پێشوودا هەریر شارەدێ بوو سەر شارۆچکەی شەقڵاوە، بەڵام به‌پێی فەرمانێكی هەرێمی ژمارە 423و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ ژمارە 451 لە 31/1/2024 و بە فەرمانی کارگێری پارێزگای هەولێر به‌ ژمارە 3162 لە 10/3/2024، بە فەرمی بڕیارى شارۆچکە بوونى هه‌ریر درا.

بە گوتەی ئەو قایمقامە: “46 گوند سەربە هەریرن، بەڵام شارەدێی باسرمە کەوتە سەر هەریر کە ئەویش 54 گوند لە خۆ دەگرێت، ئێستا بە کۆی گشتی 100 گوند سەر بە هەریرە.

گوتیشی: “ئێستا هەریر لە شارەدێ بووەتە شارۆچکە، هەر بەو هۆیەوە داخوازییمان زیاتر دەبێت لە کار و پڕۆژەکاندا”.

دەربارەی کارو پلان بۆ داهاتووی شارۆچکەی هەریر، شێروان جەلال بەگ دەڵێت: “ئەوەی دەمێنێتەوە گۆڕینی ناوەکانی ئەو بەشانەیە کە لە هەریردا هەیە بۆ نموونە؛ بنکەی پۆلیس دەبێتە بەشی پۆلیس، بنکەی بەرگری شارستانی، دەبێت بە بەشی بەرگری شارستانی، ئاسایش دەبێت بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش”، گوتیشی، لە ئێستادا “پێویستمان بە بەڕێوەبەرایەتییەکی تەندروستییە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لەگەڵ فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە”. بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ کارو پڕۆژەی نوێ بۆ هەریر.

ناوبراو راشیگەیاند، لە رابردوودا پڕۆژە و کاری باشکراوە، بەڵام لە ئاست خواستی هەریر نییە، و هەوڵیش دەدەین ئەو شوێنانەی یاخود ئەو گوندانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوازارییە بە پێی پێویست بۆیان بکەین. سەبارەت بەو پڕۆژانەی کە کراوە یاخود جێبەجێکراوە ئێستا هیچ گرفتێکمان نییە.