دادوەرێکی کورد لە ئەندامێتی دادگای فیدراڵی کشایەوە

عەبدولرەحمان سلێمان، دادوەری کوردی داداگای باڵای فیدراڵیی عێراق خۆی لە ئەندامێتی دادگاکە کشاندەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-03-2024، عەبدولرەحمان سلێمان، کە یەکێکە لە دوو دادوەرە کوردەکانی دادگای فیدراڵی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەکو نەڕازیەتیی دەربڕین لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی قەوارە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و، لە سۆنگی هەستکردن بو بەرپرسیارێتی لەبەردەم خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانی و لەبەردەم دامەزراوە و قەوارە دەستورییەکەیدا، بڕیاری دا خۆی لە ئەندامێتیی دادگاکە بکشێنێتەوە.

دادوەر عەبدولرەحمان سلێمان گوتی، “وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە دادگای فیدراڵی کارمکردووە. هیواداربووم لەو ماوەیەدا وەکو بەرگریکارێکی سەرسەختی هەرێمی کوردستان کاربکەم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ لە کارەکەم، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی بەردەوامیدانم لە دادگا رێگەم پێ نادات ئەو کارە بکەم کە لە پێناویدا هاتووم و دەستبەکاربووم”.

دادوەر عەبدولرەحمان سلێمان دەڵێت، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە بڕیاری داوە خۆی لە ئەندامێتیی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكشێنێتەوە:

1.  لەمیانی ئەنجامدانی کارەکەم و بەدواداچوونم تێبینیم کرد، مەیلێک لە بڕیارەکانی یەک لە دوا یەکەکانی دادگا هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سیستەمی بڕیاردانی مەرکەزی و دوورکەوتنەوە لە بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی.

2. دادگا دەستوورییەکان لە هەموو سیستمە سیاسییەکاندا کە سیستەمی فیدراڵی دەگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پاراستن و چەسپاندنی ئەم سیستەمە، بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی پارێزگا یان هەرێمەکان، هەروەها بۆ ئەوەی هەر ئاستێکی حکومەت لە دەسەڵاتەکانی ئاستەکەی تر تێپەڕێنێت. ناونانی دادگای فیدراڵی لە بنەڕەتدا بە ئاماژەدان بە سیستەمی فیدراڵی هات کە بە ڕوونی لەلایەن دەستوورەوە لە چەند مادەیەکدا پەسەند کراوە. دادگای دەستووری لە هەر وڵاتێکدا کار بۆ پاراستنی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان دەکات، بەڵام ئەوەی تێبینیم کرد پێچەوانەکەی بوو.

3. دەستووری ساڵی 2005 ـی عێراق بە یەکێک لەو دەستوورانە دادەنرێت کە رێگەی بە یاسادانەری دەستوور یان دامەزرێنەرانی داوە بتوانن هەمواری بکەنەوە بە مەبەستی پاراستنی بنەما دەستوورییە ڕێککەوتووەکان و مافی هەموو لایەن و پێکهاتەکان، بەڵام ئەوەی لە ئاراستە و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و لێکدانەوەکانیدا بۆ بڕگەکانی دەستوور لە زۆربەی سکاڵاکاندا تێبینیم کرد، پێچەوانەکەی بوو.