لە دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە، بڕیاردرا 130 كارمەندی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بیارە دابمەزرێن.

وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، لە دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە، بڕیاردرا 130 كارمەندی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بیارە دابمەزرێن.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاگەیاند: لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم بە بڕی یەک ملیار دینار ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بیارە تەرخان کرا، هەروەها 130 کارمەندی تەندروستی بۆ دامەزرێنرا.

راشیگەیاند: جگە لەوە، کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بە بڕی 385 ملیۆن و سەنتەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک و هەرس و گەدە بە 500 ملیۆن بەردەست کرا، جگە لە ئامبولانس و ئامێرە ستراتیژییە پزیشکییەکان و ئامێرەکانی دیکە کە بە هەمووی 7 ملیار دیناری تێدەچێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە لەپێشترین ئەرک دەزانێت و لەمڕووەوە خزمەتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات.