ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە بۆ تۆمارکردنی بایۆمەتریی کارتی دەنگدان

ئەمڕۆ دواین ڕۆژە بۆ تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان و تا ١٤ی مانگیش دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان و خەڵکە تا ناو و لیستی و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردن تۆمار بکەن.

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەرسوومێک ڕۆژێکی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن کردووە.
١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان کراوە و تا ئەو کاتە زیاتر لە سێ مانگ دەرفەت لەبەردەم کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەیە تا هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات و بە بێ هیچ کەم وکورتییەک سەری بخات.
هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن کە پشت بە کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دەبەستێت و هەڵبژاردنەکە ئەلیکترۆنی دەبێت. ماوەیەکی زۆر بوو کۆمسیۆن لقەکانی خۆی چالاک کردبوو تا خەڵک کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دەربکەن یان نوێی بکەنەوە و وەک جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، تۆمارکردن و نوێکردنەوەی دەنگدان تا ڕۆژی یەکشەم ١٠ی ئادار کراوەیە و بەو پێیەش ئەمڕۆ کاتەکە کۆتایی دێت.
لە چوارشەمی ڕابردووەوە شەشی ئادار دەست بە ناونووسکردنی ناوی کاندیدەکان کراوە و بەپێی لیستێک کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەر ئەو کات بڵاوی کردەوە تا ئەو ڕۆژە سی و هەشت حزب و پارتی سیاسی لە لای کۆمسیۆن ناوەکانیان تۆمار کرابوو کە بەشێکیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار کردووە و بەشێکی تریان لە لای کۆمسیۆنەکە ناویان تۆمار کردووە.
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو کەسەی خۆی دەپاڵێوێت تا ڕۆژی دەنگدان دەبێت بیست و پێنج ساڵی تەواو کردبێت تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کردبێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان و دانیشتوی ئەو بازنەیە بێت، کە خۆی تێدا دەپاڵێوێت و جگە لەمانە بە چەند تاوانێکی دیاریکراوی وەک کوشتن و بەشداری لە تاوانەکانی بەعس سزا نەدرابێت.
دوو پارتی سیاسی یان زیاتر دەتوانن ببنە هاوپەیمان بەڵام نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتی لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لە دەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات. هەر هاوپەیمانێتییەک کە پێشتر تۆمارکراوە و بیهەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار بدات.
بەپێی مەرسوومی پێشتری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبوایە هەڵبژاردن لە ٢٥ی مانگی شوباتی ڕابردوو بەڕێوە بچێت بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی کۆمسیۆن لە لایەک و پرسی سکاڵاکانی سەری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا نەکرێت.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوون کە لە مانگی ڕابردوودا دواجار دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵاکانی یەکلایی کردەوە و بە زیانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەنگی دا و یازدە کورسیی کۆتاکان نەما. پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕی.
جگە لە پرسی نەمانی کورسیی کۆتاکان گۆڕانکاریی لە یاسای هەڵبژادندا کراوە و پڕۆسەی هەڵبژاردن بەگوێرەی هەمان یاسای هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوە دەچێت و بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق هەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی گۆڕدراوە و هەرێمی کوردستان کراوەتە چوار بازنەی هەڵبژاردن.
پێشتر کاندیدێک یان پارتێک دەیتوانی لە تەواوی هەرێمی کوردستان بانگەشە بۆ خۆی بکات و لە زاخۆوە تا هەڵەبجە دەنگ کۆ بکاتەوە بەڵام ئەم جارە تەنیا لەو بازنەیەی کە خۆی لێ کاندید کردووەوە، دەنگدەران دەتوانن دەنگی پێ بدەن.
بە گشتی پێنج خولی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون و هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە جیاتی سەد و یازدە کورسی لە سەد کورسی پێکدێت.