ڕێگای چەند گوندێكی قەزای خەلیفان چاكدەكرێتەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران، دەستكرا بە چاككردنەوەی ڕێگای چەند گوندێكی قەزای خەلیفان.

بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران، ڕایگەیاندووە: لەبەردەوامی كار و چالاكییەكانی تیمەكانمان دەستمان كردووە بە چاككردنەوەی چەند شوێنێكی تێكچوو ڕێگای گوندەكانی ( بەوركا- كونەسیخوڕ – ساوە ) لە قەزای خەلیفان.
ئەوەشی خستەڕوو: تیمەكانمان بەردەوام دەبن لەسەر چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی ڕێگاكانی دەرەوەی شار و شارۆچكە و گوند و ناوچەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەپێناو خزمەت كردنی زیاتر بە هاووڵاتییان.
میدیا ئیسماعیل ئەندازیاری پڕۆژەکە، دەڵێ: چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێن. هەروەها بە بڕی زیاتر لە سێ سەد و نەوەد و حەوت ملیۆن دینار، کۆڵان و شەقامەکانی گەڕەکی شەهیدان، لە قەزای خەلیفان قیرتاو و کۆنکرێت کران.
دەشڵێت: پرۆژەی قیرتاوکردن و کۆنکرێت کردنی شەقامەکانی گەڕەکی شەهیدان لە خەلیفان، لە قۆناغی کۆتاییدایە، کە بە گوژمەی سێ سەد و نەوەد و حەوت ملیۆن و دووسەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار جێبەجێ کراوە.
گوتیشی: بەشێک لە هاووڵاتییانی ناوچەکە، لەبارەی پرۆژەکەوە دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە و پێیان وایە پرۆژەکە خزمەتێکی باش بە هاتووچۆی هاووڵاتییان دەکات. باس لەوە دەکەن حکوومەت بێ جیاوازی خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە تەواوی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٤ ساڵی رابردوودا سەرباری قەیران و فشارە ئابورییەکانی سەری تەنیا لە بواری ڕێگە و گواستنەوەدا زیاتر لە ٩٩٧ پڕۆژە و لە بواری ژێرخان و خزمەتگوزاریش زیاتر لە ٤٢٧ پرۆژەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە. سەرباری بەردەوامیی قەیرانی دارایی، پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکەکان بەردەوام بووە و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.