نێچیرڤان بارزانی: داواكارين لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا گرنگيى زياتر به‌ كانديدكردنى ژنان بده‌ن

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ یادی هه‌شتی مارس بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، يادى هه‌شتى مارس، ڕۆژى جيهانيى ئافره‌تان، به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو ئافره‌تانى كوردستان، عێراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌وڵ و كار و خه‌باتياندا بۆ به‌ده‌ستهێنانى يه‌كسانى و ته‌واوى مافه‌كانى ئافره‌تان، وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌وپه‌ڕى بڕوا و تواناوه‌ هاوكار و پشتيوانيانم، هيواى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ئافره‌ته‌ بوێرانه‌ به‌بيرده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتياندا بۆ پاراستن و به‌رگرى له‌ مافه‌كانيان سه‌ريان نايه‌وه‌، يان به‌ ناهه‌ق بوونه‌ قوربانيى توندوتيژى و بيرى توندڕه‌وى و دواكه‌وتوويى. دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك به‌ڕووى هه‌ر بير و وته‌ و سته‌م و ده‌ستدرێژى و هه‌راسانكردن و ناهه‌قييه‌كدا ده‌وه‌ستينه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بكرێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، له‌ كاتێكدا به‌ گه‌شبينى و به‌ چاوى ئومێده‌وه‌ له‌ كارايى و به‌شدارى و هاوبه‌شيى ئافره‌تان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا له‌ كوردستان ده‌ڕوانين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ خوازيارى زياترين و وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ كار و هه‌وڵ و كۆششمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ فه‌راهه‌مكردن و مسۆگه‌ريى زياترى ڕۆڵ و ئاماده‌يى و ده‌رفه‌ت و پێگه‌ى ئافره‌ت له‌ هه‌موو كايه‌ و بواره‌كانى ژياندا. هه‌ر لێره‌دا داواكارين لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا گرنگيى زياتر به‌ كانديدكردنى  ئافره‌تان بده‌ن.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و شارستانيى پێشكه‌وتوو كه‌ ئارام و ئاسووده‌ بێت، كه‌ نه‌وه‌يه‌كى دروست و به‌ توانا پێبگه‌يه‌نێت و داهاتوويه‌كى باشتر بنيات بنێت، به‌بێ ئازادى و يه‌كسانى و مافه‌كانى ئافره‌تان نايه‌ته‌ دى. بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌م بڕوا و تێگه‌يشتنه‌وه‌، پشتيوانى له‌ خه‌باتى ئافره‌تان بكه‌ين و تا سه‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵياندا بين.هه‌شتى مارس له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت.