پارێزگارى هەولێر:”نابێت ڕێگە بە هیچ کەس بدریت، نرخی خۆراک و پێداویستیەکان لەسەر هاوڵاتییان گران بکات”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.3.7، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەرپرسانى دیکەى لایەنى پەیوەندیدار ئامادەى بوون، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە “مۆڵ، مارکێت، ڕێستورانت، چیشتخانە، قاوەخانە” و هەموو شوێنەکانى ترى هاوشێوە کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەکانی قائیمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن، گوتیشى: “نابێت ڕێگە بدرێت هیچ کەس، مانگى ڕەمەزانى پیرۆز بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران بکات”.

سەبارەت بە دۆخى ئێستاى بازاڕ و نرخى کەل و پەل و پیداویستیەکانى هاوڵاتییانيش کە تاڕادەیەکى باش لە هەولێرى پایتەخت جێگیرە، کۆبوونەوە بۆ مانەوەى دۆخە وەک خۆیی و ڕیگە نەدان بە یاریکردن بە بازاڕ و گرانبوونى نرخ چەند بڕیارێک و ڕێوشوێنى پێویستى وەرگرت.

لە کۆتایشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى خستنە ڕووى چەند پرس و پێشنیارێکى دیکەى پەیوەست بەکۆبوونەوە، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەوە کردەوە لەگەل توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکان لەلایەن لیژنەکانەوە، لە پێناو پاراستى سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان، بەدواداچوون و پشکنینى هەموو کۆگا و شوێنەکانى خۆراک و ده‌رمان بەردەوام بێت بۆ دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو.