لە باڵەکایەتی كه‌رتی گەشتیاری سەدان هەلی كاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەهۆی سەرەنجڕاكێشی و هەڵكەوتەی ناوچەكە لە هەرچوار وەرزەكانی ساڵ، گەشتیاران ڕوو لە دەڤەری باڵەكایەتی دەكەن، ئەمەش وایكردووە چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەكە بكرێنەوە و هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە بڕەخسێت.

لەمبارەیەوە، هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، دەڵێ: بەهۆی سەرەنجڕاكێشی و هەڵكەوتەی ناوچەكە لە هەرچوار وەرزەكانی ساڵ، گەشتیاران ڕوو لە دەڤەری باڵەكایەتی دەكەن، ئەوەش وایكردووە كە بەشێك لە دانیشتووانی دەڤەرەكە پەنا ببەنە بەر پڕۆژەی گەشتیاری لەم ڕێگەیەشدا چەندین گەنجی دەڤەرەكە هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت و لەم شوێنانە كاربكەن.
دەشڵێت: ساڵ بەساڵ پڕۆژە و شوێنی گەشتیاری زیاتر لە سنووری قەزای چۆمان دەكرێنەوە، بەمەش جمووجۆڵی گەشتیاری لە سنوورەكەمان ڕوو لەگەشەكردنە.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، دەڵێ: کەرتی گەشتیاری لە قەزای چۆمان، قۆناغێکی زۆر باش چووەتە پێش، بە تایبەتی لە ناوچەی گەشتیاری نوێ و تەنیا ئەمساڵ بە پێی ئاماری چەند مانگی رابردوو نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی قەزای چۆمانیان کردووە و چەندین ناوچەی گەشتیاریمان هەیە.
زیاتر ئاماژەی پێدا: لە ماوەیەکی نزیکدا دوو پڕۆژەی گەشتیاری دەکرێنەوە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە وەک کردنەوەی چەند هوتێلێک لە دەڤەری باڵەکایەتی، ئەکوا پارکی شنگلبانه‌، هەروه‌ها چاوەڕێی گەڕانەوەی ماستەر پلانین بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەك کە لە کەمترین ماوەدا ماستەر پلانەکە دەردەچێت. ئێستا دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكەمان كاریان تێدا دەكرێت و دوای وەرزی زستان پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدرێن. دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری قەزای چۆمان، خاوەن چەندان شوێنی سەرنجڕاكێش و گەشتیارییە و بەمەش ڕۆژانە و لە هەر چوار وەرزی ساڵدا گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەوە ڕوو لەم ناوچانە دەكەن و كاتێكی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. بەمەبەستی زیاتر بایەخدان بە بواری گەشتوگوزار، ئێستا لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە بواری جێبەجێكردندان، هەروەها بە تێپەڕینی وەرزی زستان پڕۆژەی زیاتری گەشتیاری لە سنوورەكە ئەنجام دەدرێن.