وەزیری سامانە سرووشتییەکان: سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای پاریس لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانن

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) رایدەگەیەنێت، سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای نێوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. دەشڵێت، “لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا هەزار و 90 مێگاواتی کارەبامان زیادکردووە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-03-2024، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ شەش وێستگەی گەڕۆکی کارەبا لە سنووری پارێزگای دهۆک کرانەوە.

“هاووڵاتییانی دهۆک سوودێکی زۆر لە پڕۆژەکە دەبینن”

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 9 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواوبوون. وەکو خۆی گوتی، “هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک سوودێکی زۆر لەم پڕۆژەیە دەبینن بەتایبەت لە بواری دابەشکردنی کارەبا. هاوکات ئەو بارگرانییەی لەسەر وێستگەکانی کارەبای دهۆک هەبووە کەمدەبێتەوە و کێشەی دابەزینی ڤۆڵتیش چارەسەر دەبێت”.

بە گوتەی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، “لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرەوپێشچوونێکی باش لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە غازی ماڵان، نەوتی سپی و بەنزین هەبووە. لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆرینەی کێشەی هاووڵاتییان لە سنووری ئەم پارێزگایە چارەسەرکراون، هەندێکی دیکەشیان پێویستییان بە کات هەیە”.

کارەبای سیستەمی پریپەید و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، “لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا کە کابینەی خزمەتگوزارییە، هەزار و 90 مێگاواتی کارەبامان زیادکردووە و، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا 250 مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاددەکرێن”.

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ دا، “لەگەڵ زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا، ژمارەی بەشداربووان و خواستی سەر کارەباش زیاد بووە. لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 408 هەزار بەشداربووی کارەبا زیادبوون”.

لەبارەی سیستەمی پریپەیدی کارەبا، کەمال محەممەد ساڵح گوتی، “شەش پڕۆژەمان بە شێوەی تێست لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ سیستەمی پریپەید جێبەجێکردوون. سیستەمەکە هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و خواستی کارەبای سەدا 40 کەمکردووەتەوە”.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

کەمال محەممەد ساڵح کە هاوکات بە وەکالەت وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، “لەگەڵ بەغدا لێکتێگەییشتنی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و هیوادارین لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کێشانە چارەسەربکرێن”.

بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، “بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێنج بابەت لە خۆ دەگرێت؛ چواریان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوون. ئیدارەدان، دەرهێنان، گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنها فرۆتنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقە کە دەبێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت”.

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح خستیەڕوو، “سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای پاریس لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە. کێشەمان نییە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و داهاتەکەی بچێتە گەنجیەنەی حکومەتی عێراق، بەڵام دەبێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن”.

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوویەنەتە رێککەوتن. پێشتر حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدابوو، بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی هەشت هەزار و 900 دینار بداتە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای پێکهێنانی دوو لیژنە، بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە بۆ 20.61 هەزار دینار بەرزبکریتەوە”.

کەمال محەممەد ساڵح جەختی لەوە کردەوە، زۆرینەی کێشەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکراون، “تەنها کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتەکە ماوە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین نەوتەکە هەناردەبکەینەوە”.

“تورکیا ئامادەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە”

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە. به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.

رۆژی شەممە، 02-03-2024، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێستا تورکیا ئامادەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە، بەڵام ئەم پرسە زیاتر لەگەڵ بەغدا ماوە”.

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “هەر کاتێک هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان (لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە) دەستپێدەکات”.