ئەمڕۆ چوارشممە (6ـی ئاداری 2024) سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشت بە بڕیار و ڕرکارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە چوارچێوەی کار ئاسانی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، کارزان عبدالهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەگەڵ گشت بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانی (6,5،4,3,2,1)، هەروەها لێپرسراوی بەشی یاسایی و لێپرسراوی بەشی مۆڵەتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە بڕیارو ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی درا بۆ جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکانی ڕێپێدانی تەواوکردنی باڵەخانەو بینا هەیکەلەکان بە ئامانجی بەخشینی سیمایەکی جوانتر بۆ شاری هەولێر و سوودمەند بوونی هاووڵاتیان بە مافەکانیان.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گشت بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەشی مۆڵەتی ڕاسپارد بۆ کار ئاسانی و جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان بۆ دەستبەکاربوون و تەواوکردنی بینا و باڵاخانەکانیان.
هاوکات سەرۆکی شارەوانی هەولێر هاووڵاتییانیش ئاگادار دەکاتەوە، کە دەتوانن سەردانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی بکەن بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان.