ساڵح حه‌سناوی: دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریه‌تی ئێمه‌یه‌

وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌. ده‌شڵێت، ساڵی رابردوو بە بڕی 185 ملیار دینار کەلوپەلی پزیشکیان رەوانەی هەرێمی كوردستان کردووە.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئاداری 2024) ساڵح حه‌سناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق كه‌ به‌ سه‌ردانێكی له‌ هەولێرە، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، “دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی ئێمەیە.” گوتیشی، “پارساڵ بە بڕی 185 ملیار دینار کەلوپەلی پزیشکیمان رەوانەی هەرێم کردووە.”

وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سەردانی چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستییان لە شاری هەولێر کردووە و لەنزیکەوە لە کێشە و گرفتە تەندروستییەکانییان کۆڵیوەتەوە. روونیشیكرده‌وه‌، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و بەرپرسانی تەندروستی هەرێمی كوردستان کۆبوونەتەوە و هەڵسەنگاندییان بۆ هاوکارییە پزیشکییەکانی حکومەتی عێراق بۆ هەرێم کردووە.

ساڵح حەسناوی هه‌روه‌ها گوتی، “له‌میانی سه‌ردانی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كاندا چاومان بە هاوکارییە پزیشکی و داراییەکانی حکومەتی عێراق بۆ هەرێم خشاندەوە، لە ساڵی رابردوودا بە بڕی 185 ملیار دینار پێداویستی و کەلوپەلی پزیشکیمان رەوانەی هەرێم کردووە کە ئەمەش سەلمێنەری هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەرێمە.”