هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕاپەڕینێکی تر هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سی و سێ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بە دژی ڕژێمی بەعسی فاشیست تێدەپەرێت، ڕاپەڕینێک کە لە پێنجی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕزگار کران. کورد دوای چەندین دەیە خەبات و قوربانیدانێکی زۆر توانی بە ئامانج بگات و کۆتایی بە تاج و تەختی ڕژێمی بەعس لە کوردستان بهێنێت، دوای سی و سێ ساڵ لەم ڕووداوە کاتی ئەوە هاتووە کورد ڕاپەڕینێکی تر ئەم جارە لە جۆری فکری و مەعریفیدا بکات.

یەکەم بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە ئەوە بوو، کوردستان کەوتە دەستی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و دامەزراندنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی بەدواوە بوو، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گوێرەی پێگەی جەماوەرییان توانیان بچنە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
هەرچەندە ئەو ئەزموونەی دەسەڵاتی کوردی بێبەری نەبووە لە ڕووداوی تاڵ و شەڕ و گرانی و قەیرانی جیاواز، بەڵام هەر چییەک بێت بووە جێی هیوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گەلی کورد بە ئومێدەوە لەو دەسەڵاتەی ڕوانی و لە پێناوی پاراستنیدا ئامادە بوو قوربانیی زیاتر بدات.
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کەوتە قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابووری و خەڵک بە گوڕ و تینی زیاترەوە هاتنە پێش، هەنگاونان بۆ نەمانی دوو ئیدارەیی و هاوپەیمانێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەرانبەر بەغدا قۆناغێکی نوێی لە هەرێمی کوردستان هێنایە کایەوە کە لە مێژووی کورددا بێوێنە بووە.
ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و پایەکانی دەوڵەتداری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون، داهاتی نەپاڵاوتووی ساڵانەی تاکی کورد بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێشی هاووڵاتییانی عێراق کەوتەوە. بە سەدان کۆمپانیای بیانی بەمەبەستی وەبەرهێنان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاوەدانکردنەوە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی تەنی. پێگەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر بەهێزتر بوو و سەرۆکی و دیپلۆماتکارانی دنیا پەیتا پەیتا ڕوویان تێ دەکرد.
ئەم دۆخە تا کۆتایی ٢٠١٣ بەردەوام بوو و قۆناغی گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان گەیشتبووە ئاستێک لە زۆر ڕووەوە ڕەکابەرێی وڵاتانی ناوچەکەی دەکرد و ئەگەر هەر بەو شێوەیە بەردەوام بوایە ئەوا گۆڕانکارییەکا زۆر زیاتر و بەرجەستەتر دەبوون و خۆشگوزەرانیی زیاتر بەدی دەهات.
نەهامەتییەکان دژی هەرێمی کوردستان ڕێک ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە بەغدا بە کردەوە بڕیاری دا بەرانبەر هەرێمی کوردستان بوەستێت و یەکەم هەنگاو کە لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کرد بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو، ئەمە زۆری نەخایاند کە دواتر نەهامەتیی داعش و پەرەسەندنی تیرۆری بەسەردا هات، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە ڕوویان لە کوردستان کرد و هەرێمی کوردستان دژی داعش کەوتە جەنگەوە.
بەغدا کە بەر لە سەرهەڵدانی داعش بڕیاری خۆی بۆ دژایەتیکردنی کوردستان دابوو، لە سەردەمی داعش و دوای ڕووخانی داعشیش لەو دژایەتییە بەردەوام بوو و کۆمەڵێک قەیران و تەنگژەی تری بۆ هەرێمی کوردستان هێنایە کایەوە، بەشێک لەو تەنگژانەش تا ئەم ساتە سێبەریان بەسەر هەرێمی کوردستان لانەچووە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە گەندەڵی، پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد، ململانێیەکی قێزەونی ناوخۆیی، دەستوەردانی دەرەکی لەپاڵ خراپتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە دەیەی ڕابردوودا بەراورد بە دەیەی پێشتر پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی بەغدا بەرگێکی یاسایی بەو قەیران و تەنگژە و بڕیارانەدا بکات کە بەسەر هەرێمی کوردستانی سەپاندوون. تەواوی دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکانی عێراق کە گومانی تێدا نییە دەستی دەرەکیشیان لە پشتە تواناکانیان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەگەڕ خستووە.
پرسەکە خەریکە بۆ تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە بەغدا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە ساڵی ٢٠١٤ و ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە قەیران و تەنگژەکان تا ئەو شوێنە بەردەوام بن کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە تەواوی بکەونە ژێر ڕکێفی بەغدا و بە هەمان ئاهەنگی سەردەمی بەعس درێژە بە ستەم و زۆرییەکانی بدات. بەداخەوە لەم ڕووەوە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە خەڵکێک کە تەنانەت ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاریشیان تێدایە، بە ئاگاوە یان بێ ئاگا و لەپێناو هەندێک بەڵێنی بریقەدار یارمەتیدەری سیاسەتەکانی بەغدا بوون.
دۆخێک لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە کایەوە کە وێنە مەترسیدارەکە لە خەڵک شاردراوەتەوە و هەندێک وێنەی بە ڕواڵەت جوان و ڕازاوە پێشان دەدرێن. بەخۆشییەوە خەڵکی زیاتری کوردستان خەریکە وێنە ڕاستەقینەکەیان بۆ دەردەکەوێت.
کاتی ئەوە هاتووە لە هەرێمی کوردستان ڕاپەڕینێکی فکری و مەعریفی سەرهەڵبدات و خەڵکی کوردستان لە داگیرکارییەکی فکری ڕزگار بکات، ڕابردووی پڕ لە قوربانیی بیر خەڵک بهێنێتەوە و بە ئاگایان بێنێتەوە کە کورد ئەو هەمووە خەبات و قوربانییەی نەداوە، فەرمانبەرێکی بەغدا هەڵیسوورێنێت و گاڵتە بە قووت و چارەنووسی خەڵکەکەی بکات، خەڵکی کوردستان لەوە ئاگادار بکرێتەوە ئەگەر لە ناوخۆ نادادپەروەرییەک هەبێت، ئەگەر گەندەڵییەک هەبێت ئەگەر خوارییەک هەبێت دەتوانن خۆیان ڕاستی بکەنەوە، بەڵام خۆبەدەستەوەدان و سپاردنی هەموو جڵەوەکان بە دەستی نەیار ڕاپەڕینەکەی پێشتریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
نەیارانی کورد لە ناوچەکە وەک گەلەگورگ بە هەموو ئامرازێکی میدیایی، دارایی، سەربازی، تەناهی، هەواڵگری، کلتوری و هتد دەیانەوێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ بن و خەڵکی پارچەکانی تری کوردستانیش نائومێد بکەن و تاکی هەرێمی کوردستانیش سست و بێ ئیرادە بکەن و هەموو ماف و ئامانجەکانی لە مووچەدا بچووک بکەنەوە، ئیرادەی خەباتگێڕانەی شۆڕشگێڕانەی کوردانە لەسەر بنەمای فکر و مەعریفە و ڕۆشنبیری دەتوانێت وەک شەپۆلێک هەمووان ڕاماڵێت و مژدەی ڕزگاری و سەربەخۆیی بڵاو بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر