حكوومەت كار بۆ هاوكاریی زیانلێكەوتووانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەی لەنگەی هەولێر و سزادانی كەمتەرخەمان دەكات

ڕۆژی 27 ی شوباتی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و 166 دووكانی كاسبكاران سووتان و ڕووداوەكە بەبێ زیانی گیانی بەری پێ گیرا.
دوای كۆنترۆڵكردنی دەستوبرد و خێرای ئاگرەكەی لەنگەی هەولێر، ڕۆژی دواتر لیژنەیەك پێك هات بۆ پشكنینی ژمارەی ئەو دووكانانەی سووتاون، بەو ئامارەی تۆمار كرا، 166 دوكان بە ڕێژەی جیاجیا سووتاون، ئێستاش لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگركەوتنەوتنەوەكە و دەستنیشانكردنی گرفتەكان و دانانی چارەسەر بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە پێك هاتووە. قائیمقامی هەولێریش دەڵێت: “گەر لایەنی كەمتەرخەم لە ڕووداوەكەدا هەبێ، ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرانبەردا دەگیرێتە بەر”.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ” لیژنەی پێویست لە دامودەزگە پەیوەندیدارەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگرەكە و خەمڵاندنی زیانەكان پێكهاتووە”.
لەبارەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانیش دەڵێت:”هیچ شتێكمان بە ناوی قەرەبووەوە نییە، چونكە قەرەبوو ڕێوشوێنی یاساییی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ڕابردوودا كراوە هاوكاری بووە بۆ ئەوانەی لە لافاو و سووتان و ڕووداوی سروشتی زیانیان بەركەوتووە؛ بێگومان بۆ ئەو كاسبكارانەش، حكومەت بە پێی توانا هاوكارییان دەكات و زیانیان كەم دەكاتەوە، ئەمە لە كاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت”.
لە دوای ڕووداوەكە، كاسبكاران خەریكن دەچنەوە دوكانەكانی خۆیان، چونكە لایەنەكانی خزمەتگوزاریی حكومەت، لە پاككردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانیان هاوكارییان دەكەن، تاكوو بە زووترین كات دەستبەكار بنەوە.
كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، لەبارەی ڕووداوەكەوە گوتی: “لە ساتی یەكەمی ڕوودانی ئاگرەكە فریا كەوتین، هەر لە قۆناغی كۆنترۆڵەوە، تاكوو ساردكردنەوە و دڵنیابوونەوە و ڕاپۆرتكردن. ئەم ڕووداوە گەورە بوو، بە 2 كاتژمێر و 45 خولەك و بەشداریی 18 تیم توانیمان جڵەوی بكەین، تەواوی هێزی مرۆییمان لە ڕووداوەكەدا ئامادە بوون”.
لەبارەی ڕێژەی پاراستنی بازاڕەكە لە ئاگرەكە گوتی: “88%ی بازاڕەكە لە سووتان ڕزگار كرا. سیستەمی ئاگركوژێنەوەی ئەم بازاڕە كە دروست كراوە، لای ئێمە پەسند نەكراوە و بە 7-8 خاڵ تێبینیمان لەسەری هەبووە و ئەنجوومەنی ئەم بازاڕە ئاگەدار بوون؛ ئەگەر سیستەمەكە كاری كردبا، زیانێكی وای نەدەبوو و باشتر كۆنترۆڵ دەكرا”.

هاوكار سەعدی، ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، لەمبارەیەوە گوتی: “سەداسەد هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نازانین، بەڵام پێمان وایە شۆرتی كارەبا بووبێت. بازاڕی لەنگە 2400 دووكانی لێیە، 166 دوكان لە ڕووداوەكەدا سووتاون. تیمی بەرگریی شارستانی چالاكانە بەفریامان كەوتن، شارەوانی و تیمە جۆراوجۆرەكانی حكومەت هاوكارمانن لە پاككردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی بازاڕەكە. ئەوەی ماوە كارەبا و ئاو و بنمیچی بازاڕەكەمان بۆ چاك بكەنەوە، تاكوو لە ماوەی چەند ڕۆژێك كاسبكاران بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان. خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەو هاوكارییەیە كە حكومەت پێشكەشی زیانلێكەوتووانی دەكات؛ ئەمەش داواكاریی هەموو كاسبكارانە، چونكە لیژنەی لێكۆڵەر لە هەموو زیانەكانی كۆڵیوەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری