ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن

لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، دەڵێن، لەڕووی تەکنیکیەوە ئامادەکاری تەواومان کردووە، بۆ ئەوەی لەو وادەی کە دیاری کراوە ھەڵبژاردن بکرێت. وڵاتانی جیھانیش پێشوازی لەو ھەنگاوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ کردنی ھەڵبژاردن دووپات دەکەنەوە. بەرپرسانی پارتییش، دەڵێن: وەک پارتی ئەو ھەنگاوەمان پێخۆشە و لەگەڵ کردنی ھەڵبژاردنین.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردوو و داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. ئەمە لە کاتێدایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشتر دوو جار ڕۆژی ھەڵبژاردنی دیاریکرد بوو، یەکەمجار ڕۆژی ١/١٠/٢٠٢٢ بوو، بەڵام نەتواندرا لەو کاتەدا ھەڵبژاردن بکرێت و بۆ جاری دووەم ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی ھەڵبژاردن دواکەوت.
ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان جیاوازە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، چونکە بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق کە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ دەریکرد، پەرلەمان لە سەد و یازدە کورسییەوە کراوە بە سەد کورسی و یازدە کورسی پێکھاتەکان بە نادەستووری ناسێندران و لابران، ھەر بەگوێرەی دادگەی فیدراڵی، ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنە کەمتر نابێت.
دوای ڕاپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان کرا کە تاوەکو ئیستە پێنج خولی ھەڵبژاردن کراون، ساڵی ٢٠٠٤ یاسای ھەڵبژاردن ھەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد ھەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی ھەڵبژاردن پێکبێت لابرا و ھەرێمی کوردستان ھەمووی کرایە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکھاتەکان یازدە کورسی کۆتایان لە پەرلەمان ھەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای ھەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکھاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، بەڵام دادگەی فیدراڵی ھەڵیوەشاندەوە.
وڵاتانی جیھان پشتگیری لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکەن
نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیھان بەگەرمی پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھەڵبژاردنەکە بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان و ڕەوایەتیی سیستمە دیموکراسییەکەی زۆر گرنگە.

کۆمیسیۆن: لەڕۆژی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت
بەپێی لێدوانی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق نزیکەی سی و ھەشت پارتی سیاسی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون و ڕادەستی کۆمیسیۆن کراون، ھەروەھا ئەنجوومەنی باڵا ڕێنمایی تۆماری ھاوپەیمانەکانی بڵاوکردەوە ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر حیزبێک بیەوێت ھاوپەیمانی دروست بکات، دەبێت لەگەڵ پارتێکی دیکە یان زیاتر بێت، کە لە ٥ی ئادار تاکو ١٤ی مانگ دەرگای تۆمارکردنی ھاوپەیمانیەتییە سیاسییەکان بۆ پارتەکان کراوە دەبێت کە خوازیاری بەشداریکردنن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و ڕێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بە ھاوئاھەنگی ئێمە بووە، کاتەکە گونجاوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بێ کێشە لەو کاتەدا ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات.

سێ ملیۆن و حەوت سەد و ھەشتاو نۆ ھەزار و چوار سەد و پێنج کەس لە کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، دەڵێت: سێ ملیۆن و حەوت سەد و ھەشتاو نۆ ھەزار و چوار سەد و پێنج کەس لە ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگدەرانی لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ـەوە کە ژمارەیان سەد و پەنجا ھەزار دەنگدەرە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا دوو ملیۆن و حەوت سەد و ھەشتا و حەوت ھەزار و شەش سەد و ھەشتا و نۆ کەس کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە و دەتوانن بەشداریی لە دەنگدان بکەن.

میکانیزمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
شێوازی ھەڵبژاردن وەک لە یاسایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕوونکراوەتەوە، بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستەمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە.
پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی لە وێستگەکانی دەنگدان بۆ خوێندنەوەی تۆماری کارتی بایۆمەتری دەنگدەران دەکرێت و بەراوردی پەنجەمۆر و خوێندنەوەی “کیو ئار کۆدی”ـی کارتی دەنگدان دەکرێت.
دوای ئەوەی لە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی پەسەندکرد لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ١ـی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، لەوێدا ئاماژە بە بوونی یەک بازنەی ھەڵبژاردن دەکات، بۆیە ئەو سیستمە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی پێویستی بە پێداچوونەوەیە بۆ گۆڕینی ھەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن، بەگوێرەی ئەو سیستمە، ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت تەمەنی ١٨ ساڵییان تەواو کردبێت و مەرجە خاوەنی ڕەگەزنامە یان کارتی نیشتمانی بێت و کارتی بایۆمەتری ھەبێت.

پارتی بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە
چاودێرانی سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە، پێگەی وڵات بەھێز دەکات، بۆیە زۆر پێویستە چی دیکە ھەڵبژاردن دوا نەخرێت و لەو ماوەیەدا بکرێت کە سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری کردووە، چونکە ئەمجارە ھەڵبژاردن دوا بخرێت زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی دەکەوێت، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ھەمیشە پارتی پێداگیری بکات ھەڵبژاردن بکرێت و دوا نەخرێت. کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن، گرنگ ئەوەیە کۆمیسیۆن ئامادە بێت، بە پشت بەستن بە ڕێکخستنەکانی حیزب و دەنگدەرانی بە ئەمەک، پارتی بەرەو پێشەوە دەچێت، ھیواخوازین ھەڵبژاردنی پەرلەمان بە دروستی و بێ کێشە بکرێت.

ھەواڵی زیاتر