ڕۆژی سێشەممە ٥ـی ئاداری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، سیداد بارزانی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و، ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی، حكومی، ڕۆشنبیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووسان كتێبی “هزر و فەلسەفا ڕێبازا بارزانیی، د گۆتنێن بارزانیی نەمردا”لە نوسینی ( عەبدولعەزیز موحسین بارزانی) ناسێندرا.
مەراسیمەکە بە ناونیشانی ( ڕێبازی بارزانیی، ڕێبازی ژیان و ئازادی) دەستی پێکرد و، دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد لەگەڵ مارشی ئەی ڕەقیب، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای پەیڤی بەخێرهێنان بەناوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، گوتی: بارزانی کە لە ئاست گەلی کوردستاندا بە (بەڵێ) بەرخودی لەگەل وێستگەکان کردووە و یەکێک لە وتە پەخشندارەکانیشی بریتییە لە “مرۆڤ، شانازییە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت” بەهەمان گڕوتینی کوردانە و نیشتیمانییانە و کوردستانییانە، بە دوژمنەکانیشی گوتووە (نەخێر) نەخێرێک لەپاڵیدا بە زهنییەتی ئاشتیانە، لە کوێش دەستی ئاشتی، دانووستان و خێر هەبووبێت، بارزانیی نەمر لەوێ لەپێناو گەلی کوردستان ڕایەڵەکانی سپی ئاشتی و تەبایی گفتووگۆی بەرهەمداری کردووە بە بەشێک لە هزری چارەسەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئەمڕۆ قسە لە ڕێبەرێكی نەتەویی دەكەین، كە كاری كرد بۆ ئەوەی تاریكییەكانی زەمەنی خۆی بخاتە نێو كۆمەڵێك ڕووناكی و دەستی نەوەكانی بگرێت بۆ پەڕینەوەی ئامانجە گەورەكانی نیشتیمان.
لە كۆتایی پەیڤەکانیدا، د. سالار عوسمان گوتی: ڕێبازی بارزانی ڕێبازی ژیان و ئازادییە، خەباتی بارزانیی بەتەنیا خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆ نەگرتووە بە قەد ئەوەی هەموو ژیانی لە ئەستۆ گرتووە، هەر لە زمان، ئەدەب، كەلتوور، ژینگەپارێزی و، هەر لە مافەكانی ژن و یەكسانی و، بایەخدان بە لاوان، ئافرەتان و لە یەكسانی بە مانا نیشتیمانییەكەی تا دەگاتە پێكەوەژیان و هزی نیشتیمانی. پاشان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری سەبارەت كتێبی “هزر و فەلسەفا ڕێبازا بارزانی د گۆتنێن بارزانیی نەمردا” نمایشكرا.
لە مەراسیمەکەدا فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد ڕایگەیاند: بارزانیی نەمر بە ئازادی لە دایک بوو، کە هەستی کرد خۆی میللەتێکە، میللەتێک کە ئازاد نییە، بۆیە بیری لە ئازادی میللەتەکەی و لە تێکۆشان کردەوە، ئەنجامەکەی ئەو شۆڕشە بوو کە بەرپای کرد و، بەرهەمەکەی ئەم قەوارەیە بوو کە ئێستا تێیدا ئازادین، لەسەر ئێمەش پێویستە ئەم قەوارەیە بپارێزین، چونکە پاراستنی یەکسانە بە پاراستنی مێژووی گەلی کوردستان.
بەشیکی دیکەی مەراسیمەکە بریتیبوو لە خوێندنەوەی چەند پارچە شعرێکی شاعیری ناوداری کورد (شێخ حەسیب قەرەداغی) لەلایەن د. بەهات حەسیب قەرەداغی.
هەر لە مەراسیمەكدا وتاری نووسەری كتێب (عەبدولعەزیز موحسین بارزانی) پێشكەشكرا و سوپاسی، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و، ئەو كەسانە كرد هاوكاربوون لە نووسین و بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە کە بە (١٠) زمان و زاراوەی جیاواز بڵاوكراوەتەوە.
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا چەپکە گوڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن سیداد بارزانی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک پێشکەش بە نووسەر كرا.