ئومێد سەباح: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی هەموو شارۆچکەکان دەکەین

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی هەموو شارۆچکەکان دەکەن و، کێشە گرفتە کارگێری و داراییەکانیان چارەسەر دەکەن.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆیە. ئومێد سەباح لە لێدوانێکدا بە ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند، “لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیردا و، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەموو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین”.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، “چوویەنەتە چۆمان، سۆران، شەقڵاوە، خەبات، ئاکرێ، ئامێدی، سەنتەری دهۆک و ئەمڕۆش زاخۆ. ئینشائەڵڵا سەردانی شارۆچکەکانی دیکەش دەکەین. هەوڵدەدەین کێش و گرفتە کارگێری و داراییەکانی شار و شارۆچکەکان چارەسەر بکەین”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 04-03-2024، دوای سەردانی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی بۆ قەزای سێمێل؛ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی ژمارەیەک بڕیاری حکومی بۆ قەزای سێمێل دەرکران، لەوانەش:

– تەرخانکرنی 38 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی نوێ و بەرەوپێشبردنی شاری سێمێل، رێگاوبان و ئاوەڕۆکانی.

– پلەی کارگێڕی سەرجەم فەرمانگاکانی قەزای سێمێل بەرزدەکرێتەوە.

– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە سێمێل.

– کردنەوەی فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە سێمێل.

– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شار لە سێمێل.

– کردنەوەی بەشەکانی (ئەندازیاری، خۆیەتی و یاسایی) لە قائیمقاییەتی سێمێل.

– پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سێمێل زیاددەکرێت.

– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و ئاوەڕۆکان لە سێمێل.

– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤیتەرنەری لە سێمێل.

– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە لە سێمێل.

– دروستکردنی هۆڵێکی وەرزشیی داخراو و مەلەوانگەیەک لە سێمێل.

– دروستکردنی سێ بنکەی نوێی تەندروستیی.

– دروستکردنی بنکەی ئۆتیزم لە سێمێل.

– دروستکردنی سێ بنکەی کۆمەڵایەتی لە سێمێل