پارێزگارى هەولێر بۆ لیژنەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق:-“خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان، مافێکى یاسایی هاوڵاتییانە و پەیوەندى بەهیچ کێشە و گرفتێک نییە”

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024.3.5 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، پێشوازیکرد لە خالد حسن صالح، سەرۆکى لیژنەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق و ئەندامانى دیکەى لیژنەکە و شاندێکى هونەرى یاوەریان.

لە دیدارەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى پشکى هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى عێراق کرا، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ئەو نا دادپەروەرییەى کە لە ساڵى (2012)ەوە بەرامبەر هەرێمى کوردستان گیراوەتەبەر و تاوەکو ئەمساڵ کە 2024، پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدان ڕەوانە نەکراوە و ڕایگەیاند: “خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان، مافێکى یاسایی هاوڵاتییانە بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندى بەهیچ کێشە و گرفتێکى دیکەوە نییە، هيوادارين ئەو پرسە نەبەسترێتەوە بە کێشەکانى دیکەى نێوان هەرێم و بەغدا” داواشى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو کرد، هەماهەنگ و هاوکاربن لە خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ ئەمساڵ 2024 و ڕێگە نەدەن وەک ساڵانى ڕابردووى لێبکرێت.

گوتیشى: “هەولێرى پایتەخت لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە نزیکەى (2 ملیۆن کەسە) ئەوە سەربارى ئەوەى زیاتر لە (300 هەزار) ئاوارە و پەنابەرانى کەمپەکان و بارەگاى کونسڵخانە و نوێنەرایەتى وڵاتان و سەرجەم ئوفیسەکانى UN لە سنوورى پارێزگاکەمانە، بۆیە خوازیارین لیژنەى ناوبراو ڕەچاووى ئەوە بکەن کە پارێزگاى هەولێر لە ڕووى پێویستى خزمەتگوزاریى و پڕۆژەکان و داواکارى هاوڵاتییان، زۆر جیاوازترە لەگەڵ پارێزگا و ناوچەکانى ترى ناوەڕاست و خوارووى عێراق”.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەو پڕۆژە و داواکاریانەى پارێزگاى هەولێردا کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا لە بارەى چارەسەرى “وشکەساڵى، گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا و کێشەى کەم ئاوى شارى هەولێر” ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵ کراوە و تاوەکو ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو کرد، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارى و خواستانەى پارێزگاى هەولێر بکەن.

لەلایەن خۆیانەوە لیژنەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق، بە ووردى باسیان لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت کرد و تەئکیدیان لەوە کردەوە ئەرکى ئەوان گەیاندنى پەیام و داواکارى پارێزگارانى هەرێمى کوردستانە بە حکومەتى فیدراڵ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بە پڕسى پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە پڕۆژە یاسای بودجەى عێراق، ڕایانگەیاند، بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان مافێکى ڕەوای پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان وەک پارێزگاکانى ترى ناوەڕاست و خوارووى عێراق، لەمنزیکانەش بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتى وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵ بۆ پەرلەمانى عێراق دەکەین و ڕێگە نادەین چیتر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بێبەشبکرێن لە بودجەى پەرەپێدان.

پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لەگەڵ سەرۆکى لیژنەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پێشخستنی پڕۆژەکانی پارێزگاکان ئەنجامی باشی دەبێت، لە چەسپاندنی دادپەروەرەی.

گوتیشى: “ئێمە لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو کێشانەی کە بەردەوام لەگەڵ دادگای ئیتحاد و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان زەوتکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ساڵی 2012وە هەرێمی کوردستان بێبەش بووە ئەگەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان وەکو ئەوەی لەسەر ژمارەی دانیشتوان دیاری دەکرێت، هەرێمی کوردستان بەرکەوتی خۆی بەرکەوتایە لەگەڵ شاری هەولێر بێشک ئێستا بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبوون”.