پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی شكۆداری ساڵی 1991ی گەلی كوردستاندا پەیامێكی راگەیاند كە ئەمەش دەقەكەیەتی ….
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لە 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی شكۆداری ساڵی 1991ی گەلی كوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم. رێز و پێزانینم بۆ هەموو تێكۆشەران و كوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، رەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم رێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.
راپەڕینی ئاداری 1991، یەكێكە لە گرنگترین رووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی كوردستانە، كە بەرهەمی یەكڕیزی و یەكگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان و هێز و لایەنە كوردستانییەكان بوو، رەتكردنەوەی یەكجارەكی ستەم و داگیركاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەكەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەكانی هەرێم بوو.
ئەمڕۆ كە یادی راپەڕین دەكەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتە و هەر تاكێكی كوردستانی، بە یەكڕیزی و یەكدەنگی، داكۆكی لە دەستكەوتە نیشتمانییەكان و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكەن.
بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەكانی راپەڕین و بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە  و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی كوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بەبوونی كوردستانەوە.
با یادی راپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێكی شایستەتر پێشكەشی سەرجەم خەڵكی كوردستان بكات و بەیەكەوە، هەرێمی كوردستان، بەرەو قۆناغێكی گەشەسەندووتر ببەین.

بەرز و شكۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2024/3/5