ئاوات شێخ جه‌ناب: به‌هۆی داواكارییه‌ نوێكانی به‌غداوه‌ ناردنی لیستی مووچە دواكه‌وتووه‌

وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە . گوتیشی: “به‌هۆی داواكارییه‌ نوێكانی به‌غداوه‌ ناردنی لیستی مووچە دواكه‌وتووه”.

ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان بۆ به‌غدا ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت .

وەزیری دارایی له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌روه‌ها رونیشیکردەوە، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێكانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو، کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.       

پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، “وەزیری دارایی عێراق رایگه‌یاندووه‌، بۆ ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچە، مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن. جەختی کردبووه‌وه‌، بۆ مانگی سێی داهاتوو بەبێ ‘تەوتینی مووچە’، مووچە دابەش ناکەن.