سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی دووشەممە 4ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز گلین مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كرد.

لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و، خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵكردنەوەی ئەم پەیوەندییە خستەڕوو.

لەدیدارەكەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدریت، لەم رووە تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا، لەبەرئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان.

ئەوەش خرایە روو، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیریی لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بونیات نراوە.

ئەوەش روون کرایەوە کە، پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و، لەبەر توندیی کێبڕکێکان رەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دەست بخەن.

لە تەوەرێكی تری دیدارەکەدا، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق باس کرا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان و، پێویستە لەم روانگەیەوە درک بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت.