ئاسایشی هەولێر دوو كەس دەستگیر دەكات كە هەڕەشەیان لە هاووڵاتییەكی كوێتی كردبوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ دووشەم دەستگیركردنی دوو هاووڵاتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی نەشیاویان لە هاووڵاتییەكی كوێتی كردبوو.

ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە: كه‌سێك به‌ناوی (ئا. م. س) دانیشتووی كوێتی، ئاگه‌داری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مانی كرده‌وه‌، كه‌ گرووپێك دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن، وێنه‌ی نه‌شیاوی ئه‌ویان له‌ ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، دواتر هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان كردووه‌.

بڵاویشی كردەوە: گرووپەكە به‌رده‌وام داوای پاره‌یان لە هاووڵاتییە كوەیتییەكە كردووه‌ و ئه‌ویش له‌ ڕێی حه‌واڵه‌وه‌ له‌ كوه‌یت‌ پاره‌ی بۆ هه‌ولێر بۆ ناردوون‌.

هەروەها بڵاوی كردەوە: دوای به‌دواداچوون و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی ورد و دوای وه‌رگرتنی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش، تیمه‌كانمان توانییان تۆمه‌تباران (ع. أ. م) و (ب. ف. ح) ده‌ستگیر بكه‌ن.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كه‌ دوو تۆمەتبارەكە هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هاووڵاتییە كوێتییەكە‌ و چه‌ندان كه‌سی دیكه‌ كردووه‌.

جەختیشی كردەوە كە ئێسته‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ هەردوو تۆمەتبارەكە كراوەتەوە‌ و ڕووبه‌ڕووی یاسای كراونه‌ته‌وه‌.