عێراق خەریکە بە تەواوی لە بنەماکانی سیستمی فیدراڵی دوور دەکەوێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات لە سیستمی فیدراڵیدا شتێکی سەیر و سەمەرەیە و توانا و چالاکیی حکوومەت و سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان تەرخان کراون بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان. حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی کوردستان خەریکە سەرجەم هێڵەکان دەبەزێنێت و بە ئاشکرایی دەستوور پێشێل دەکات و نوێترین بیانووی بەغدا بۆ ناردنی ماف و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەیە لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی بنێردرێت نەک کوردی کە بەپێی دەستوور زمانی کوردییش فەرمییە و دەبووایە داواکارییەکەی بەغداش بە زمانی کوردی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرابا. وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە نێو دۆخێکی تایبەتی لە لایەک فرۆشتنی نەوتی بەدەستەوە نەماوە و لە لایەکی تر پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەڵوەشاونەتەوە و لە لایەکی تر بەغدا بە بیانووی جیاواز گوشاری خستووەتە سەر، بەناوی ئەوەی بەرگری لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات خۆی وەک دڵسۆزی خەڵک دەردەخات و ئەسپی خۆی تاو دەدات و لە ژێر سایەی بڕیارەکانی بەناو دادگای فیدراڵی، خۆیشی سیاسەت دەکات، بێ ئەوەی حساب بۆ دەستوور و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان بکات. دەبوایە بەر لەوەی مانگی شوبات تەواو ببێت حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کردبا، بەڵام ئەوا سێ ڕۆژیش بەسەر مانگی ئاداردا تێپەڕی و هیچ باس و خواستێکی مووچە نییە. فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرت کەچی هێشتا دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە و هیچ کەسێکیش نازانێت کەی پارە دەگاتە گیرفانی مووچەخۆران. ٢١ی شوباتی ڕابردوو، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، بە پێی ماددەی ١١٦ و ١١٧ی دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە هیچ کەسێک بکرێت داواکرا هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. سەرەڕای ئەم بڕیارانە ئەم جارە حکوومەتی عێراق بیانوو دەگرێت ونوێترین بیانوو کە وەزارەتی دارایی عێراق بە هەرێمی کوردستانی گرتووە ئەوەیە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی بۆ بەغدا بنێردرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو بیانووەش بە عێراق ببڕێت نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێ کردن لیستی مووچەکە ڕەوانەی وەزارەت بکەن. کێشە لەوەدایە هەر خۆی داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستوورە و لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بە زمانی کوردی ڕەوانە کراوە کاری بە زمانێکی بێگانە نەکردووە و زمانی کوردی بەپێی دەستووری عێراق زمانی فەرمییە. بە پێی ماددەی چواری دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا، مافی سەرجەم عێراقیەکان پارێزراوە لە فێرکردنی ڕۆڵەکانیان بە زمانی دایکیان، یان بە هەر زمانێکی دیکە لە دەزگاکانی فێرکردنی تایبەتدا. دەرکردنی ڕۆژنامەی فەرمی بە هەردوو زمان، قسەکردن و وتووێژ و دەربڕین لە بوارە فەرمییەکاندا بە هەریەک لە دوو زمانەکە، وەک ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنگرە فەرمییەکان بەشێکە لەو مافانە و جگە لەمە داننان بە بەڵگەنامە فەرمیەکان و ئاڵوگۆڕکردنی نامە و دەرکردنی بەڵگەنامە فەرمیەکان بە هەر دوو زمان و هەر بوارێکی دیکە کە بنەمای یەکسانی بیگرێتەوە، وەک دراو، ڕەگەزنامە، دراو. وەڵامدانەوەی نامە و داواکارییەکانی بەغدا بە زمانی کوردی ڕەوانەکردنیان کارێکی نادەستووری نییە و کاتی ئەو هاتووە یاساناسان و خەمخۆرانی قەوارەی هەرێمی کوردستان مشووری ئەم دۆخە بخۆن پێش بە پێشێلکارییەکانی بەغدا بگرن.