سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ئاوه‌دانی و گه‌شاندنه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ هێنا

چواس خالید – هەولێر

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و پێشكه‌ش كردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك به‌و پارێزگایه‌، كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی قارچك و كردنه‌وه‌ی دایه‌نگه‌ی حكوومی و دوو پڕۆژه‌ی گرنگی گه‌شتیاری له‌و سنووره‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

به‌ ئامانجی فێركردن وڕاهێنان و هاندانی گه‌نجانی سنووره‌كه‌، خولێكی فێركردن و كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی قاچك له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌وه‌ و كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئاماده‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ بوو ڕایگه‌یاند، ئامانجیانه‌ گه‌نجان فێری چۆنییه‌تی به‌رهه‌مهێنان و به‌بازاڕكردن بكه‌ن و بیانكه‌نه‌ خاوه‌ن پیشه‌ی خۆیان.
تێچووی ئه‌و خوله‌ی له‌ پارێزگای هه‌ڵەبجه‌ كراوه‌ته‌وه‌، سه‌د و بیست و سێ ملیۆن دیناره‌ و بڕی پێداویستییه‌كانیش كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابینكراوه‌، سی پێنج ملیۆن دینار بووه‌، تێچووی بنیاتنانی هۆڵی به‌رهه‌مهێنانی قارچكیش سه‌رووی سی و حه‌وت ملیۆن دیناره‌، به‌هاوكاری ده‌زگای ڕوانگه‌ توانراوه‌ به‌شێك له‌ پێداویستییه‌كانی وۆركشۆپی قارچك و خوله‌كه‌ دابین بكه‌ن، كه‌ بڕه‌كه‌ی ده‌ ملیۆن و هه‌شت سه‌د و یه‌ك هه‌زار دیناره‌.

جیا له‌ خولی فێركردنی به‌رهه‌مهێنانی قارچك، خولی دوورمان و كۆمپیوته‌ریش بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ گوته‌ی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ ماوه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌دا شه‌ش سه‌د و هه‌شتا خولی پیشه‌یی كراونه‌ته‌وه‌ و نۆ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و هه‌ژده‌ گه‌نج سودیان لێوه‌رگرتووه‌.
جیا له‌وه‌ كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ڵەبجه‌ دایه‌نگه‌ی حكوومی كرده‌وه‌ و هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نیا یه‌ك دایه‌نگه‌ی ئه‌هلی هه‌بوو، كردنه‌وه‌ی دایه‌نگه‌ی حكوومی خزمه‌تێكی زۆری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات.
هاوكات له‌ چوارچێوه‌ی بایه‌خدان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ سی و شه‌ش شوێنی گه‌شتیاری له‌و سنووره‌ هه‌ن، ئه‌م ساڵ دوو پڕۆژه‌ی گرنگی گه‌شتیاری ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، یه‌كیان پڕۆژه‌ی هه‌وارگه‌ی گه‌شتیاری ناحیه‌ی بیاره‌یه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی چوار ملیۆن دۆلار له‌ ڕێگه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی هۆتێلێكی چوار ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ ته‌وێڵە، كه‌ ئه‌مساڵ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران ده‌كات، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری ئاوی گه‌ڕاوی خورماڵ به‌ تێچووی سێ ملیۆن دۆلار بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
ئه‌وانه‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت دێن، كه‌ له‌ ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ستی پڕه‌وه‌ سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و چه‌ندین بڕیار و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕاگه‌یاند.
هاوكات تابلۆی هاتوچۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕاگه‌یاند و كارگه‌یه‌كی پیشه‌سازی به‌رهه‌می شه‌ره‌مه‌نی له‌ پارێزگاكه‌ كرده‌وه‌.
لای خۆیشیەوە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت :”سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵەبجە گرنگ و پێویست بوو” و ئاماژە بەوەش دەکات “لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا، چەندین پرۆژە بۆ پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێن”.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانێکی گرنگ بوو؛ لە ئەنجامیشدا چەندین کار و پرۆژە کە خزمەت بە پارێزگای هەڵەبجە دەکات، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.
دەشڵێت: ئامانجێکی سەردانەکە کردنەوەنو و دانانی بەردی بناغەی پرد و ڕێگای هەڵەبجە-تووەقوت-قلیجە بوو کە تێچووەکەی زیاتر لە سی و یەک ملیار دینارە و لە ماوەی دوو ساڵ دەبێت تەواو بکرێت”.
“هەروەها لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ بەقەزابوونی خورماڵ و پێکهێنانی داهاتێک بۆ ئاوەدانیی ئەم شارە؛ بۆ ئەوە چاوەڕوانین لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەک لەلایەن وەزیری دارایی سەردانی هەڵەبجە بکات، بۆ دانانی میکانیزمێک، تاکو ئەو دوو مەرزەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەیە (تەوێڵە و پشتەبەمۆ)، ساڵانە بڕێکی دیاریکراو لە داهاتەکەیان بۆ شاری هەڵەبجە خەرج بکرێت”.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له‌ ٢٠١٩ه‌وه‌ تا ٢٠٢٢، ته‌نیا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌د و سێزده‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و نۆزده‌ ملیار و هه‌شت سه‌د و چل و سێ ملیۆن دینار جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ چل و شه‌ش پڕۆژه‌یان له‌ كه‌رتی ڕێگه‌ و گواستنه‌وه‌ بووه‌ و پازده‌ پڕۆژه‌ له‌ بواری ئاو و ئاوه‌ڕۆ جێبه‌جێكراوه‌ و چوارده‌ پڕۆژه‌ی ژێرخان و خزمه‌تگوزاری و سێزده‌ پڕۆژه‌ له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و هه‌شت پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چوار پڕۆژه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی و چوار پڕۆژه‌ له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و سێ پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزار و سێ پڕۆژه‌ له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ و سێ پڕۆژه‌ش له‌ بواری بانك و بواره‌كانی دیكه‌ جێبه‌جێكراوه‌.