زیاتر لە 900 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین و تێچووی ساڵانەیان 842 ملیۆن دۆلارە

هەرێمی کوردستان بووەتە لانەی ئاوارەی عێراق و پەنابەرانی دەرەوەی عێراق؛ ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لەوبارەوە دەڵێن:
900,467 پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن، 63174 کەس، ئاوارەی ناوخۆیین (عێراقین).
269,293 کەسیش، پەنابەرن، لەوانەش:
251,475 کەس، پەنابەری سووری
7,796 کەس، پەنابەری تورکی
8,357 کەس، پەنابەری ئێرانی
652 کەس، پەنابەری فەڵەستینی
1,013کەس، پەنابەری جۆراو جۆر
کۆی گشتیی پەنابەران و ئاوارەکان لە %30 ناو کەمپەکان دەژین، لە %70 لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
نزیکەی 110 هەزار خێزانی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستانن.
لەبارەی کەمپەکانیشەوە، 33 کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەن، لە %41ی پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای هەولێرن، لە %40 لە پارێزگای دهۆک و لە %19 لە پارێزگای سلێمانین.
تاکوو مانگی 12 ی ساڵی 2023، تەنیا 4041 ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە ناوچە و وڵاتی خۆیان کە بریتییە لە 1,944 ئاوارەی گەڕاوە و 2,097 پەنابەری گەڕاوە.
تێچووی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بۆ هەر کەسێک 2,3 دۆلارە، کە بەرامبەر بە نزیکەی ملیۆنێک کەس و بۆ ساڵێک، دەگاتە 842,000,000ملیۆن دۆلار.
دایکی ئەحمەد، یەکێک لە ئاوارەکانە و لە کەمپی حەسەنشامە، گوتی:”گوایە حکومەتی عێراق مووچە و زەوی، یان شووقەمان پێ دەدەن، ئێمە هیوادارین قەرەبوومان بکرێتەوە، یان زەوییەکمان پێ بدرێ خانووی لەسەر ئاوا بکەین، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە؛ بۆ بژێوییمان پشت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبەستین، هەمیشە یارمەتییان داوین، هەرێمی کوردستان پشتیوانییان کردووین، ئازادییان کردووین لە گەڕانەوە یان مانەوەمان”.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “ئەو ئاوارانە لە 2014 ەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، چونکە کێشەکانیان چارەسەر نەبووە، نیوەی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن، ئاوارەی شنگالن، ئەمە جگە لە ئاوارەکانی خوارووی عێراق، کە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە تاکوو بگەڕێنەوە، ئەو هاوکارییەی لەلایەن حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دابین دەکرێت، هاوکارییەکی زۆر کەمن و پێداویستیی ئاوارەکان دابین ناکات، بەڵکوو زۆربەی ئەرکەکە لەسەر هەرێمی کوردستانە”.
هەرێمی کوردستان، سەرباری قەیرانە داراییەکانی، بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانی داوە، حکومەتی عێراقیش وەکوو پێویست پێداویستیی هاووڵاتییە ئاوارەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان پڕ ناکاتەوە و بەهانایانەوە نایەت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری