كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق: 5ی ئادار وادەی نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری كۆتایی دێت

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، لەھەرێمی كوردستان نزیكەی سێ ملیۆن و هەشت سەد هەزار دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ھەیە و پێنجی ئاداریش دوا وادەی نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدانە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، پێنجی ئادار وادەی نوێكردنەوەی بایۆمەتری كۆتایی دێت و ئەگەری نوێكردنەوەی نییە، بۆیە داوا دەكەین هاووڵاتییان پەلە بكەن لەو ماوەیەدا و بەخێرایی ناوی خۆیان تۆمار بكەن تا بتوانن بەشداری دەنگدان بكەن.
 باسی لەوەشكرد، تەنها ئەو كەسانەی  كارتی بایۆمەتریان هەیە و تۆماری دەنگدانیان نوێ كردووەتەوە بۆیان هەیە دەنگ بدەن. 
ئەوە لە كاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، مانگی حوزەیرانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشنیاز كردووە و چاوەڕێیە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنەكە دیاری بكات. 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەزگای ئاماری عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن و سێ هەزار و پێنجسەد وپەنجا و چوار كەسن كە لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و حەوسەد و هەشتا ونۆ ھەزار و چوارسەد وپێنج دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ھەیە .