دەستەواژەی “کوردستانی بەهێز و سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگر” بوونەتە رۆژەڤی دامەزراوە سیاسییەکان و میدیاکانی ئەمەریکا

لە دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا، دەستەواژەکانی “کوردستانی بەهێز و سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگر” بوونەتە رۆژەڤی دامەزراوە سیاسییەکان و میدیاکانی ئەمەریکا.

ئەو دامەزراوە باڵایانەی ئەمەریکا کە راگەیەندراویان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوونەتەوە؛ بەتێکڕا پشتیوانیی خۆیان بۆ “هەرێمی کوردستانی بەهێز” دووپاتکردووەتەوە.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن دەستەواژەکانی “هەرێمی کوردستانی بەهێز و سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگر”ـیان خستە ناو فەرهەنگی سیاسی ئەمەریکاوە. پێشوازی خاوەن بڕیارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی دامەزراوە باڵاکانی هاوشێوەی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن و جەخت کردنەوە لە پاڵپشتی کوردستانی بەهێز، هێمای هەبوونی متمانەی ئەمەریکایە بە هەرێمی کوردستان و پشتیوانی درێژخایەنی واشنتن بۆ هەولێر.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جگە لە کۆنگرێس لە چوار دامەزراوەی باڵای جێبەجێکردنی ئەمەریکا پێشوازی لێ کرا، ئەوانیش کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پێنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینە.

سەرەتای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی دەرەوە بوو، کە تیایدا لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لێکرا. بلینکن لەبەردەم مەسرور بارزانی گوتی، پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بەهێزدەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر درێژخایەنە.

دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆشکی سپی کرد، لەوێ سێیەم بڕیاربەدەستی ئەمەریکا کە جەیک سۆلیڤانی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە پێشوازی لێکرد و لەسەر چەند پرسێکی گرنگی و ستراتیژی گفتوگۆیان کرد.

کۆشکی سپی وەک بەهێزترین ناوەندی بڕیارە لەجیهاندا راگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی جەیک سۆلیڤان و مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە؛ جارێکی دیکە دەستەواژەی “کوردستانی بەهێز”ی بە ئاشکرا بەگوێی جیهاندا و جەختی لەوەکردەوە، “هەرێمی کوردستان بەتەنها نییە و ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی درێژخایەنی و جێگەی متمانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، پشتیوانی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە دەکات کە رووبەڕووی هەولێر بوونەتەوە”.

سێیەم گەورە دامەزراورەی ئەمەریکا کە بڕیار و سیاسەتەکانی لە هەموو جیهاندا کاریگەرییان هەیە و پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پێنتاگۆن بوو. تێیدا سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کۆبووەوە. پێنتاگۆنیش هاوشێوەی دوو دامەزراوە باڵەکەی ئەمەریکا پاڵپشتی خۆی بۆ کوردستانی بەهێز جەخت لێکردەوە، هێزی پێشمەرگەشی وەک هاوبەشی ستراتیژی ئەمەریکا ناوبرد و قوربانیدانی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆر بەرز نرخاند.

لەکۆتاییدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بریان نیڵسن، بریکارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پاڵپشتی چاکسازییە داراییەکانی کابینەی نۆیەمی کورد، سەرۆکوەزیرانیش دڵنیایدایە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی چاکسازییەکان بەمزووانە هەستپێدەکەن.