ئەمەریکا پاڵپشتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستوور دەکات

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان بۆ ئەمەریکا بە سەردانێکی مێژووییی گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد، هاوکات جەختیان لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد و لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و ئالنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، جەختیان لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە، هەروەها باسیان لە سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا کرد و، هەردوولا سەردانەکەیان بە مێژووییی و پڕ بایەخ وەسف کرد.

هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵیی عێراق و لێکەوتەکانی ئەم بڕیاڕانە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەمەریکا کرا.

مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر دووبارە پاڵپشتی خۆیانی بۆ حکومەتی هەرێم دووپات کردەوە و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و بەردەوامبوونی دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا لە رێگەی دەستورەوە بە پێویست زانی.

لای خۆیەوە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی کونسوڵی ئەمەریکای کرد و هەڵوێستەکانی ئەمەریکاشی بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.