لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی سێ قوتابخانه‌ له‌ زاخۆ دانران

چواس خالید – هەولێر

له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ردی بناغه‌ی سێ قوتابخانه‌ی نوێ داندرا، كه‌ به‌ گوژمه‌ی دوو ملیار و چوار سه‌د ملیۆن دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه‌ ده‌ڵێ” له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا به‌ردی بناغه‌ بۆ هه‌شت قوتابخانه‌ی دیكه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان داندراوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو ده‌بن”.

٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی سێ قوتابخانه‌ له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ڕایگه‌یاند، په‌روه‌رده‌ كه‌رتێكی سه‌ره‌كی و گرنگی په‌شكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، گرنگی تایبه‌تی به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ داوه‌.
ئه‌و سێ قوتابخانه‌یه‌ی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دێته‌ جێبه‌جێكردن، گوژمه‌كه‌ی دوو ملیار و چوار سه‌د ملیۆن دیناری عێراقییه‌ و گوهدار شێخۆ هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، بێجگه‌ له‌م سێ قوتابخانه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا، به‌ردی بناغه‌ بۆ دروستكردنی هه‌شت قوتابخانه‌ی دیكه‌ له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندراوه‌، كه‌ به‌شێكیان ته‌واو بوونه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه‌ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی دی، ته‌واو ده‌بن و ده‌خرێنه‌ خزمه‌تی قوتابیانی سنووره‌كه‌.
هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ باسی له‌وه‌ كرد، له‌ خزمه‌تكردنی زیادتری سنووره‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و به‌رنامه‌ی باشتریان بۆ كه‌رتی په‌ره‌رده‌ هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌و پێشبردنی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و مه‌به‌ستیانه‌ ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری قوتابیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌ هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێنوێنی كردوون.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوهدار شێخۆ گوتی، “‌ ته‌نیا له‌م ساڵدا له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ زیادتر له‌ ٣٩ قوتابخانه‌ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن”.
هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری و پتهو‌كردنی ژێرخان له‌ هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕژدانه‌ كار له‌ به‌ره‌وپێشتر بردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و پێویستییه‌كانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ڕۆنان و بنیاتنانی باڵه‌خه‌نانه‌ی نوێی قوتابخانه‌كان ده‌كات، له‌ چەند ڕۆژی ڕابردووش، له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ردی بناغه‌ی بنیاتنان و ڕۆنانی سێ قوتابخانه‌ی دوازده‌ پۆلی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاوێس و كه‌سنه‌زان و مامزاوه‌ داندرا، كه‌ به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دینار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌خرێته‌ خزمه‌ت ناوه‌نده‌كانی خوێندنه‌وه‌.
به‌ پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا نزیك به‌ سێ سه‌د پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا پێشكه‌ش به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، كه‌ نزیك به‌ حه‌فتا پڕۆژه‌یان له‌ پارێزگای هه‌ولێر و حه‌فتا و نۆ پڕۆژه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و په‌نجا پڕۆژه‌ش له‌ پارێزگای دهۆك و ١٤ پڕۆژه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ش له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێكراوه‌.
له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانیش ١٨ پڕۆژه‌ و له‌ سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینیش ٢٢ پڕۆژه‌ و له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ٢٥ پڕۆژه‌ و له‌ ئیداره‌ی زاخۆش ١٤ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا جێبجێكراوه‌.