چل و پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت

چل و پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، ڕابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت، کە بووەتە سەر مەشق و ھەوێنی کوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاکی کوردستان.

بارزانیی نەمر، لە قۆناغێکی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیرکەرانی خاوەن ھێز و پشتیوان ھەڵبژارد، کە گەلی کورد لە سەردەمێکی پڕ لە ئازار و نەھامەتی دەژیا، کە جگە لە خوا و ڕەوایی دۆزەکەی و ئامادەیی ڕۆڵەکانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، ھیچ پشت و پەنایەکی دیکەیان شک نەدەبرد، بەڵام بەھۆی ئیرادەی بەھێز و باوەڕبەخۆبوون و ڕەوایی دۆزەکەی، بۆ چرکەیەک بڕوای ئەو سەرکردە مێژووییەی کورد لەق نەبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەکەی کرد ‌و لەو ڕێگەیەشەوە، میراتێکی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ ڕۆڵەکانی بەجێھێشت.
بارزانیی نەمر، یەکێکە لە ڕابەرە گەورە و ناسراوەکانی کورد و کوردستان و بەھۆی ئەو خەباتە جیاکار و نموونەیەی لە پێناو ئازادی و سەربەستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و ڕۆڵێکی وەرچەرخێنەری لە مێژوودا تۆمارکرد، چەند زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات ویستگە و قۆناغ و ئاکام و ئاراستەکانی ئەو مێژووە مۆرک و ڕەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەکاندا پرشنگدەدات، ئەمەش گرنگی شێواز و ڕەوتی تێکۆشانی بارزانیی نەمرە وەک ڕابەرێکی مێژوویی، ئێستە دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتیدا ناو و فیکر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی بارزانیی نەمر، ئامادەییەکی کارای لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستاندا ھەیە و بووەتە پێداویستیەک بۆ سەلماندن و داکۆکی کردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەی کێشەی ڕەوای ئەم گەلە.

ژیانی منداڵی
بارزانیی نەمر، ناوی تەواوی “مستەفا کوڕی شێخ محەممەد بارزانی”ـیە، لە ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣ لە گوندی بارزان لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا کاتێک بارزانیی نەمر بەر ھەڵمەتی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برا گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی نۆ مانگ لە بەندیخانەیەکی مووسڵ زیندانی دەکرێت.

سەرکردایەتیکردن
لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، لە ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی سێ سەد کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٣١- ١٩٣٢ بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی مێرگەسۆر و شێروان، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی کرد بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز جەنگا، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
لە ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانی بەریتانییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، بارزانیی نەمر، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێکردەوە.
جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر لە دەستە ڕاستی قازی محەممەد وەستابوو، بە فەرماندەیی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێبەخشرا.
لە ساڵی ١٩٤٧ و دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتایی ھاتنی کۆماری مەھاباد، ھێزەکەی بارزانیی نەمر و ھێزەکانی ئێران تێکھەڵچوون و شەڕ دروستبوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، بارزانیی نەمر توانی لەگەڵ زیاتر لە پێنج سەد خەباتکاری کورد، خۆیان بگەیەننە سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە، سەرەتا بارزانیی نەمر لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەگستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ گەڕایەوە عێراق، ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاند، لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی ١٩٦١ بارزانیی نەمر شۆڕشی دژی دەستەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەستەڵاتدارانی بەغدا کرد، شۆڕشی ئەیلوول، ١٤ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستھێنا.

ڕێککەوتننامەی ئادار
لە ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و بەعسییەکان کودەتایان کرد، بارزانیی نەمر و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردییش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستان جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان ئیمزا کرد.

یەکخستنی نەتەوەی کورد
بارزانی ژیانی نەتەوەیەکی ژیاندەوە، مانای بە بوون و مانەوەی بەخشی، کاروانی سەرکەوتنی بۆ خستەڕێ و ئاسۆی چارەنووسی نیشاندا، بۆیە بارزانیی نەمردووە و نامرێ، بارزانی نە کۆچی بووە مەرگ و نە لەدایکبوونیشی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بوو، بارزانی ھەبوویەکی جاویدانی و مێژوویەکی بێ کۆتاییە، تا وادەی بەجەستە کۆچکردنی، سەرکردە و ڕابەرێک بوو، وەلێ ئێستە ڕێبازێکە، بیروباوەڕ و ئەدگار و ئامانجی ئەو، چیای ئازادی و خۆری سەرخۆبوونە، دادگەی ئەرک و مافە، تەرازووی دابەشکردنی ژیانە بە یەکسانی، چۆن دوێنێ، ناوی ئەو، خەباتی ئەو، ڕابەرایەتی ئەو، بوون و بەرخودان و خواستی نەتەوەکەمانی تیا کۆببووەوە، ئەمڕۆش ھەر لە ناو و مێژووی خەباتی ئەو گەورە ڕابەر‌ەدا گەلەکەمان پێناسەی خۆی دەبینێ و بە شاڕێگەی ڕاستدا درێژە بە کاروانی ڕوو لە سەرکەوتنی دەدات.

بارزانیی نەمر لە ھەر چوار پارچەی کوردستان شۆڕشی بەرپا کردووە
بارزانیی نەمر لە ھەر چوار پارچەی کوردستان شۆڕشی بەرپا کردووە، ئاگای لە ھەموو پارچەکان بووە، بارزانیی نەمر مێژووە، مێژووی بزاوی نەتەوەی کوردی مۆدێرنە، لە قۆناغە مێژووییەکاندا، سەرکردە و ڕێبەرانی کورد ڕۆڵیان بۆ چنگخستنی مافەکانی کورد گێڕاوە، بارزانی نەمر، کە لە شۆڕشی بارزان و دواتریش لە کۆماری مھاباد و شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵاندا بەشداری کردووە، درێژەپێدەری خەباتی کورد بووە لە قۆناغێکی مێژووییدا، بڕوای وابوو کورد ھەموو یەکە و جیاوازی لە نێوان ھیچ کەس و لایەنێکی نەدەکرد، ئاگای لە ھەموو پارچەکان بووە، بۆیە پێویستە ھەموو حیزب و لایەنەکان یادی بارزانیی نەمر بکەنەوە نەک تەنیا حیزبێک، چونکە گەلی کورد بە بارزانیی نەمر دەناسرا، بارزانی تەنیا بۆ پارچەیەکی کوردستان تێنەکۆشاوە، بەڵکو خەباتی بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان کردووە، بۆیە دەبێت ھەموو کوردێکی دڵسۆز جا لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت، یادی بارزانیی نەمر بکاتەوە.

شۆڕشی بارزان تا ئێستەش بەردەوامە
عەبدوڵڵا سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ڕایگەیاند: ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە ماف و عەدالەتخوازیی و خەبات کردن لە دژی زۆردار و ڕەتکردنەوەی ژیانی بن دەستی، لەو خەسڵەتە دیارانەی بارزانیی نەمر بوون کە لە مەکۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێریدا پێی گۆش کرابوو، دواتر ھەر ئەو بنەمایانە بوون کە بەو ھۆیەوە بارزانیی نەمر دید و پەیڕەوێکی بۆ بزافی ڕزگاریخوازیی کوردستان ڕەنگ ڕێژ کرد.
مستەفا دێرانەیی، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێ: بارزانیی نەمر جیاوازی لە نێوان پێکھاتەکانی نەدەکرد، ھەموو پێکھاتەکانی لە دەوری خۆی کۆکردبوویەوە، نەی دەگوت ئەوە کوردە، یان ئێزدییە، یان مەسیحیی، بە یەک چاو سەیری ھەموو پێکھاتەکانی دەکرد، لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی سادە بوو ھەر بەو شێوەیەش ژیاوە، زۆر گرنگی بە جلوبەرگ و خواردنی نەدەدا، بەردەوام ھەوڵی دەدا کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت، بۆ ئەوەی بە مافەکانی بگات، بڕواشی وابوو ڕۆژێک ھەر دێت کورد بەو ئاواتە دەگات، ئەو دەسکەوتانەی ئێستەش بە دەستھاتوون و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆڕشی بارزانیی نەمر بە دەستھاتوون، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تاکە شۆڕشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بە یەک پەیام بەرپا کرا، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر درا
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١، ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەدرێت، لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی، دەڵێ: لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا، ھەوڵەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە دە پیاوی ئایینی پێکھاتبوون، ئەوان لە بەغداوە چوو بوون بۆ سەردانی بارزانیی نەمر بۆ نێوانگیری و ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆڕشگێرانی کورد و سوپای عێراق.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
بەر لە چل و پێنج ساڵ کورد و کوردستان ڕۆژێکی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەرکردایەتی مەزنترین شۆڕشی کوردستانی کردبوو لە ناسکترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژوویی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا کۆچی دوایی کرد.
بارزانیی نەمر، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، توشی نەخۆشی دەبێت، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر دەچێتە ئەمریکا، بەڵام لە ١ی ٣ی ساڵی ١٩٧٩، سەرکردەی مەزنی کورد و کوردستان لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون کۆچی دوایی کرد، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە ھەلیکۆپتەر، تەرمەکەی گەیاندرایەوە شاری شنۆی کوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان ھەزار کەس لە پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی ڕۆژھەڵات و کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانیی کرا، کە لەو ڕۆژەدا لە سنوورەکان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییکردنی بارزانیی نەمردا بەشداربن، ڕۆژی دواتر تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاک سپێردرا، پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ تەرمی بارزانیی نەمر و شەھیدی ھەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ ھێنرانەوە بۆ کوردستان و لە خاکی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.

ھەواڵی زیاتر